رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت دووبارە رووی لە بەرزبوونەوە کرد.
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە بە رێژەی نزیکەی 2٪.
ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 45 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 96 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت دوێنێ بە رێژەی 7٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی بوو.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە بەرزبووەوە و بە 91 دۆلار و 25 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساس دوێنێ بە رێژەی 5.5٪ دابەزیبوو.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی کردووەتە سەر چەندین ئامانج لە باشووری ئێران لە نێوانیاندا چەندین بەلەم کە هەوڵی دانانی مین و تەقەمەنییان داوە."
سێنتکۆم دەڵێت، "هێرشەکەیان کارێکی بەرگرییانە بووە بۆ خۆپاراستنی هێزەکانیان".
میدیاکانی ئێران رایانگەیاندووە کە تەقینەوە لە لە بەندەرعەباس و لە کەناراوەکانی تەنگەی هورمز روویداوە.
تاران بە کردەیی رێگەی لە هەموو کەشتییە بازرگانییەکان گرتووە کە بە تەنگەی هومرزدا بەبێ رەزامەندی ئەوان تێپەڕن. ئەوەش نرخی نەوتی لە دوای جەنگەوە بە رێژەی 50٪ بەرزکردووەتەوە.
