رووداو دیجیتاڵ وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ پێشکەوتنێک لە دانوستاندنەکانی تاران و واشنتندا هاتبێتە ئاراوە. دەشڵێت، هێزە چەکدارەکانیان ئامادەیی تەواویان هەیە جەنگێکی درێژخایەن دەستپێبکەنەوە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا سەبارەت بە پڕۆسەی دانوستاندنی تاران و واشنتن رایگەیاند، پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکییەکان نەپچڕاوە و پەیام لەبارەی پێویستیی راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووتی لوبنان ئاڵوگۆڕ کراوە، ''بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە رەوتی دانوستاندنەکاندا بەدینەهاتووە.'' ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و قووڵترین هێرش و پێشڕەویی زەوینیی لە دوو دەیەی رابردوودا بۆ سەر خاکی لوبنان دەستپێکردووە. بەگوتەی عەباس عێراقچی، ئەمریکا لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا بە باشی هەستی بە هێز و توانای ئێران کردووە، ''بۆیە لە ئەگەری بەردەوامبوونی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت، هێزە چەکدارەکانمان ئامادەیی تەواویان هەیە جەنگ دەستپێبکەنەوە و ئامانجگەلێک لەنێو خاکی ئیسرائیل بپێکن.'' پێچەوانەی قسەکانی عێراقچی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا "زۆر باش" بەڕێوەدەچن و پێشبینیی کرد، رەنگە لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنێک. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە مەرجەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و گوتی: ''گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن مەرجدارە بە دابینکردنی مافەکانی گەلی ئێران، کۆتاییهێنان بە جەنگی لوبنان و راگرتنی گرژییەکان لە ناوچەکە.'' ''ترەمپ ژیر بێت ناگەڕێتەوە بۆ جەنگ'' لە بەشێکی قسەکانیدا، عەباس عێراقچی بە سەرۆکی ئەمریکای راگەیاند: ''ترەمپ ئەگەر ژیر بێت، هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ جەنگ، چونکە ئێستا دۆخی سەربازیمان لە پێش دەستپێکردنی جەنگ باشترە.'' وەک وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوامی بە جەنگ بدات و خاوەنی توانای سەربازیی پێویستن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە. عەباس عێراقچی سەبارەت بە جەنگی 40 رۆژەی ئێران لەگەڵ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کە 28ـی شوبات دەستیپێکرد گوتی: ''ئێمە هیچ کات بەدوای جەنگەوە نەبووین و دەستپێشخەریمان نەکرد، بەڵام وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەمان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بەهێز دەدەینەوە.'' قسەکانی عێراقچی لەکاتێکدان گفتوگۆکانی ئاشتی کە چوارەم مانگ بەڕێ دەکەن، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان ئاڵۆزتر بوون. ئێستا جێبەجێکردنی ئاگربەست لە لوبنان بووەتە مەرجێکی سەرەکیی ئێران بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر مێزی دانوستاندن.
ئێران04-06-2026موجتەبا خامنەیی دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر خۆڕاگریی وڵاتەکەیدا شکستیان هێناوە