رووداو دیجیتاڵ
چوار نەوتهەڵگر بە ئاڵای ئێرانەوە بە تەنگەی هورمزدا رۆیشتن؛ ئەمە یەکەمین جارە لە 15ی نیسانەوە و سەپاندنی گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، کەشتیی ئەو وڵاتە رێڕۆ ئاوییەکە ببڕن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە کۆمپانیای کێپلەر (Kpler) بۆ چاودێریی کەشتییەکان رۆژی پێنجشەممە 04-06-2026 بڵاویکردوونەتەوە، تێپەڕبوونی کەشتییەکانی Hilda I)، Amber، Silvia 1 و Happiness I ) تۆمارکراوە کە بە کۆی گشتی حەوت ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتووە.
هەموو ئەم کەشتییانە لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا لە دوورگەی (خارگ)ـەوە باریان کردووە؛ کە تێرمیناڵی سەرەکیی نەوتی ئێرانە و 90%ی نەوتی خاوی ئەو وڵاتەی لێوە هەناردە دەکرێت.
کەشتییەکان رۆژی دووشەممە لە کاتی بڕینی تەنگەکەدا، ئامێرەکانی دیاریکردنی شوێنیان (AIS) کوژاندبووەوە. کۆمپانیای کێپلەر بۆ چاودێریکردنی ئەو کەشتییانەی کەرەستە خاوەکان دەگوازنەوە، زیاتر پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بەستووە.
ئەم نەوتهەڵگرانە زۆرجار نەوتی خاوی ئێران دەگوازنەوە بۆ ناوچەیەکی دەریایی لە نزیک کەناراوەکانی مالیزیا و سەنگاپوور؛ لەوێ لەنێو دەریادا نەوتەکە بۆ نەوتهەڵگری دیکە دەگوازنەوە کە ئەرکیان گەیاندنی نەوتەکەیە بە کڕیار، کە زۆربەی جار وڵاتی چینە. تاران ئەم شێوازە بۆ دەربازبوون لە سزاکانی سەر وڵاتەکەی بەکاردەهێنێت.
ئەم چوار نەوتهەڵگرە سەرەتا سەرەڕای جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوام بوون لە کارەکانیان، بەڵام لە 13ی نیسانەوە جموجۆڵیان راگرتبوو؛ ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن وەک وەڵامێک بۆ داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن تارانەوە، گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای کێپلەر، پێشتر لە 15ی نیساندا سێ نەوتهەڵگری دیکەی سەر بە ئێران گەمارۆکەیان شکاندبوو، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو رۆژی دووشەممە، هیچ کەشتییەک هەوڵی لەو شێوەیەی نەدابوو.
هاوکات سوپای ئەمریکا بەردەوام چالاکییەکانی دژی ئەو کەشتییانە رادەگەیێنێت کە هەوڵ دەدەن گەمارۆکە ببەزێنن.
رۆژی سێشەممە، ئەمریکا رایگەیاند، لە رێگەی تەقەکردن لە ژووری بزوێنەرەکەیەوە، نەوتهەڵگرێکیان پەکخستووە بۆ ئەوەی رێگری لێبکەن بگاتە دوورگەی خارگ. ئەمە شەشەمین کەشتی بوو لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئەمریکاوە لە چوارچێوەی گەمارۆکەدا زیانی پێ دەگەیێندرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
