رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، لە 24 کاژێری رابردوودا 24 کەشتی بە هاوئاهەنگی هێزی دەریایی سوپاکە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.
پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، رۆژی هەینی، 29ی ئایاری 2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا 24 کەشتی کە پێکهاتبوون لە کەشتیی گواستنەوەی نەوت، گواستنەوەی بار و بازرگانی، دوای وەرگرتنی مۆڵەت و بە هاوئاهەنگی سوپای پاسداران و دوای دابینکردنی ئاسایش لەلایەن هێزی دەریایی سوپاکەوە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوون.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە دەکات، کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز بەردەوامە و وەڵامی هەر "دەستدرێژییەک" بە تووندی دەداتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، لە رۆژی شەممەوە 188 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.
دوای داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە لە 1-3-2026 تاران دامەزراوەیەکی بەناوی (بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز) دامەزراند. بەگوێرەی رێنماییەکانی ئەو دامەزراوەیە، هەر کەشتییەک بیەوێ بەو رێڕەوەدا تێپەڕێ، دەبێت پێشوەختە مۆڵەت وەربگرێ و هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای پاسداران بکات.
