رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمدراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیێندراوێکی لەبارەی نێوەڕۆکی دیداری رۆژی 24ی ئایاری 2026 لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و دەڵێ، ئۆجەلان جەختی لە گرنگیی خێراکردنی هەنگاوە یاساییەکان کردەوە و رایگەیاند، "یاسایەک دەبێتە بنەمای پرۆسەی دیموکراتیزەکردن و دەمانخاتە نێو قۆناخێکی بونیادنانی ئەرێنی."
ئۆجەلان لە هەڵسەنگاندنەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە و رایگەیاندووە، بۆیە پەرەپێدانی نەتەوەپەرستیی بچووک زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆجەلان داوای کردووە پەرلەمان بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەم قۆناخە لە ئەستۆ بگرێ چونکە کاتی بەفیڕۆدان نەماوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە رێککەوتی 24ی ئایاری 2026 وەک شاندی ئیمراڵی دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەو هاوڕێیانەی لەگەڵی دەمێننەوە ئەنجامدا."
بەپێی شاندی ئیمراڵی هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجەلان لە دیدارەکەدا بە کورتی بەم شێوەیە بوون:
"گۆڕینی ئەو کۆمەڵگەیانەی بارگاوین بە تووڕەییەکی زۆر، بێ بیرکردنەوەی مەزن و بەها ئەخلاقییە باڵاکان ئەستەمە. کۆمەڵگە لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا لە رووی ئەخلاقی، سیاسی، یاسایی و ئابوورییەوە تووشی داخستن و گۆشەگیرییەکی قووڵ بووە؛ هەر لەبەر ئەمەشە لە سەرخستنی پرۆسەکەدا پێداگری دەکەین و پەلەمانە.
پێم وابێت هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێشتا چاوەڕێی هەموو جۆرە پێشهاتێکیان لێدەکرێ. دەسەڵاتی وڵاتانی وەک ئێران و ئیسرائیل بەرەو تووندتربوون دەچێت و وادیارە تووندتریش دەبێ.
پەرەپێدانی نەتەوەپەرستی، لێکجیابوونەوە و گەورەکردنی مایکرۆ-نەتەوەییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زیانی دەبێ. ئێمە کار لەسەر پرۆسەیەک دەکەین کە پەرەسەندنی مەترسیداری ناوچەکە رەچاو دەکات، رێگری لە تەشەنەسەندنیان دەکات و رێگە نادات ململانێکان بگەنە قۆناخی خوێناوی.
بێگومان زۆر گرنگە هەموو هەنگاوەکان بخرێنە سەر بنەمایەکی یاسایی تۆکمە. مانەوە لە دۆخی چاوەڕوانیدا تەنیا مەترسییەکان زیاد دەکات و کاتمان نییە بۆ لەدەستدان. بڕوام وایە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بەرپرسیارێتی و تێگەیشتنە مێژووییەوە دەجووڵێنەوە و پەرلەمانی تورکیاش بەم هەستیارییەوە کارەکان رادەپەڕێنێت.
داڕشتنی یاسایەکی چوارچێوەیی، دەکرێ ببێتە خانەی بنەڕەتی بۆ پرۆسەی بەدیموکراسیکردن. رێکخستنی یاسایی، ئێمە دەخاتە نێو قۆناخێکی ئەرێنیی راستەقینە و وا دەکات چەرخی دیموکراسی بسووڕێنێت. پرۆسەی بەدیموکراسیکردن پێویستییەکی سەرەکییە و سەرکەوتنی پرۆسەکەش لەم ئامانجە نزیکمان دەکاتەوە.
ئایا لە سیستمێکی دیموکراسیدا کارێکی گونجاوە بە چەکوش دەرگای بارەگای گشتیی پارتێکی سیاسی بشکێنرێ؟ ئەو رەفتارانەی بەرامبەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەکرێن و ئەو پێشهاتانەی دەگوزەرێن، ئەنجامی نەبوونی دیموکراسییەکی تەندرووست و سیاسەتێکی دێموکراسیانەن. ئەوەی کارەکانی گەیاندووەتە ئەم خاڵە، بێبەشبوونی کۆماری تورکیایە لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی. سەیرکردنی دیموکراسی وەک بابەتێکی قسەکردن، هەڵەیەکی کوشندەیە. هیچ بابەتێک هێندەی بەدیموکراسیکردنی تورکیا بەپەلە و گرنگ نییە.
ئێمە لەم وڵاتەدا هەوڵ دەدەین زەوینەی ئەم گۆڕانکارییە خۆش بکەین و دەرفەتەکانی فراوانتر بکەین. لە کاتی هەنگاونان بەرەو چارەسەری یاسایی لە ئیمراڵی، زۆر گرنگی بەوە دەدەین کە تورکیا بۆ وەرچەرخانێکی دیموکراسی و یاسایەکی سەردەمیانە ئامادە بکەین. ئەمەش وەک هەنگاوێک دەبینین بۆ چاککردنی کەموکوڕییەکانی دیموکراسی، چ لە نێوخۆی پارتەکان و چ لە نێوانیاندا. کۆتایی هەموو ئەم هەوڵانە، بەخشینی نێوەڕۆک و کولتوورێکی دیموکراسی دەبێت بە تورکیا، لەگەڵ دامەزراندنی سیستمێکی یاسایی تۆکمە بۆ پاراستنیان. لەسەر ئەم بنەمایە، داوا لە هەموو لایەک دەکەم هاوکاری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی بکەن.
واتای راستەقینەی تێکەڵبوونی کورد لە کۆماری دیموکراسیدا لێرەدایە. ئێمە دەیان ساڵە هەوڵ دەدەین کڵۆمی پرسی کورد بکەینەوە. لایەنی تووندوتیژی کە لە پرسی کوردەوە سەرچاوەی گرتبوو، لە رێگەی سیستمی چارەسەرییەوە تێدەپەڕێندرێ. دەکرێت بەم پرۆسەیە بڵێین قۆناخی رێکخستنەوە، هاوچەرخکردن و مۆدێرنکردنی پێوەندییەکانی تورک و کورد.
پەیامی ئەو رۆشنبیر و ئەکادیمیستانە نێودەوڵەتییانەی پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دەکەن، کراوەتە کتێب. لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێ جەخت بکەمەوە کە ئامادەم بە وردترین شێوە هەڵسەنگاندن بۆ هەر جۆرە پێشنیاز، رەخنە و سەرنجێک بکەم. لەم قۆناخەدا کە تێیدا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستیمان بە ئاشتی و دیموکراسییە، سوپاس و سڵاوی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە پشتگیرمان بوون."
لەگەڵ رێزدا
25ی ئایاری 2026
شاندی ئیمراڵی
