رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا پرۆسەی چارەسەریی بە هەوینی ئاشتی و ئاسایش ناوبرد و رایگەیاند لەسەری بەردەوام دەبن هەتا دەیگەیەننە ئامانج.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئایار، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی پڕۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، "دوای ئەوەی ئەو تۆز و غوبارەی لە دەوروبەرمانە نەما، پەنا بە خوا تورکیا دەبێتە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی سەردەمی نوێ. ئێمە بۆ ئەم مەبەستە هەرچی پێویست بێت دەیکەین. ئەم پڕۆسە مێژووییەی کە لەنێو سنوورەکانماندا ئاشتی و ئاسایش بەهێز دەکات و لە دەرەوەی سنوورەکانیش پیلانی ئیمپریالیستەکان پووچەڵ دەکاتەوە، بە وریایی، عەقڵی هاوبەش و دڵسۆزییەکی گەورەوە بەرەو ئامانجەکەی دەبەین."
ئەردۆغان ئاماژەی بە بوونی ویستێکی زۆر بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، "بۆ رزگارکردنی گەلەکەمان لەم بەڵایەی کە زیانەکەی بۆ سەر ئابووریی تورکیا زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار بووە، ئیرادەمان تەواوە. بە شێوەیەکی دروست و بە خێرایی بەردەوام دەبین."
پرۆسەی چارەسەری
پرۆسەی چارەسەری رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
لە 11ـی تەممووزی 2025 دا گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18-02-2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا:
"دوای ئەوەی ئەو تۆز و غوبارەی لە دەوروبەرمانە نەما، پەنا بەخوا تورکیا دەبێتە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی سەردەمی نوێ. ئێمە بۆ ئەم مەبەستە هەرچی پێویست بێت دەیکەین. پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە لەم رۆژانەدا بایەخە ستراتیژییەکەی بۆ داهاتووی وڵاتەکەمان و ئارامیی ناوچەکەمان باشتر دەکەوێتە نێو تێگەیشتنەوە، یەکێکە لەوانە. ئەم پڕۆسە مێژووییەی کە لەنێو سنوورەکانماندا ئاشتی و ئاسایش بەهێز دەکات و لە دەرەوەی سنوورەکانیش پیلانی ئیمپریالیستەکان تێکدەشکێنێت، بە وریایی، عەقڵی هاوبەش و دڵسۆزییەکی گەورەوە بەرەو ئامانجەکەی دەبەین. بۆ رزگارکردنی گەلەکەمان لەم بەڵایەی کە زیانەکەی بۆ سەر ئابووریی تورکیا زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار بووە، ئیرادەمان تەواوە. بە شێوەیەکی دروست و بە خێرایی بەردەوام دەبین."
