رووداو- تەندروستی
نوێنەری 310 پزیشکی خولاو لە کەرکووک رایدەگەیێنێت، بەهۆی کەمکردنەوەی مووچەکانیان بۆ 399 هەزار دینار، بایکۆتی دەوامیان کردووە و فەرمانگەی تەندروستیش بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، پزیشکی نیشتەجێی دێرینی هێناوەتەوە.
دکتۆر ئیبراهیم محەممەد نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بە رووداوی رایگەیاند، بایکۆتکردن ویستی ئەوان نەبووە بەڵام ناچارکراون و گوتی، "مووچەی ئێمەیان کردووە بە 399 هەزار، لەکاتێکدا پزیشک ملیۆنێک و 200 هەزار دینار وەردەگرێت."
نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێی خولاو ئاماژەی بەوەشکرد، دوو هەفتە بەر لە ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام بەدەم داواکارییەکەیانەوە نەهاتوون.
310 پزیشکی خولاو لە نەخۆشخانەکانی کەرکووک بایکۆتیان راگەیاندووە، ئەمەش کەلێنێکی گەورەی لەنێو نەخۆشخانەکاندا دروستکردووە و فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووکیش بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانە، پزیشکانی نیشتەجێی دێرینی بانگهێشت کردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک رێکاری تووندی بەرامبەر پزیشکە بایکۆتکارەکان گرتووەتەبەر و رێگەیان پێنادات هیچ لێدوانێکی میدیایی بدەن.
