رووداو - تەندروستی
کۆنگۆ ئەو شوێنەیە کە ئەم ساڵ بە چڕی ڤایرۆسی کوشندەی ئیبۆلای تێدا بڵاو بووەوە، تەندروستیی کۆنگۆ رایدەگەیێنێت، تائێستا 282 تووشبووی پشتڕاستکراوی ڤایرۆسی ئیبۆلا تۆمار کراون، بەڵام خۆشبەختانەش چەندین کەسیش چاک بوونەتەوە.
بەپێی تەندروستیی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، زۆرترین تووشبووی نەخۆشییەکە لە پارێزگای ئیتوری لە رۆژهەڵاتی کۆنگۆدا تۆمار کراون، لەکاتێکدا زیاتر لە هەزار حاڵەتیش گومانلێکراون و هێشتا پشکنینەکانیان نەگەڕاونەتەوە.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی کۆنگۆوە، کۆنتڕۆڵکردنی ئیبۆلا سەخت بووە، بەتایبەت کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
سەرۆکی رێکخراوەکە باسی ئەوەشی کرد کە تاوەکو ئێستا ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی ئیبۆلا بە ناوی ''بوندیبوگیۆ'' هیچ چارەسەر و ڤاکسینێکی نییە و رێژەی کوشندەییەکەشی زیاترە لە 50٪.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، تائێستا پێنج کەس کە هەموویان کارمەندی تەندروستین (چوار پەرستار و کارمەندێکی تاقیگە) لە نەخۆشییەکە چاک بوونەتەوە، یەکێک لەوانە پەرستارێک بووە و گوتویەتی: دڵخۆشبووە کاتێک زانیوتەتی پشکنینەکانی ئاماژەن بۆ رزگاربوون لە نەخۆشییەکە.
ئەم نەخۆشییە گوازراوەتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی کۆنگۆ و تائێستا نۆ تووشبووی پشتڕاستکراو لە ئۆگەندا تۆمار کراون.