رووداو- تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین رایگەیاند، لە ماوەی رۆژانی جەژنی قورباندا 30 حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشک لە سنوورەکە تۆمارکراون و سەرجەمیشیان چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.
تەها محەممەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رۆژانی جەژندا 30 حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشک هەبووە، زۆربەی حاڵەتەکانیش پێوەدانی دووپشک بوون."
بە گوتەی تەها محەممەد، بەهۆی گەرماوە پێشبینی دەکەن حاڵەتەکانی پێوەدانی خشۆکەکان زیاد بکەن سەرجەم حاڵەتەکان لە ئیدارەی راپەڕین چارەسەریان بۆ کراوە و دەرزیی دژەژەهری پێوەدانی مار و دووپشکمان بە پێی پێویست هەیە.
دەرزیی دژەژەهر تەنیا لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان بەردەستە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی راپەڕین داوا لە هاونیشتمانیانی گوندەکان دەکات کە لەکاتی روودانی حاڵەتی پێوەدانی مار یان دووپشک، سەرەتا سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری خێرا.



