رووداو- تەندروستی
نەقیبی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی کوردستان، هۆشداری دەدات لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە وەرزی قوربانیکردندا و داوا لە هاونیشتمانیان دەکات پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەکان بن.
د. فەرهاد بۆزۆ نەقیبی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەم وەرزە وەرزی سەرهەڵدانی تای خوێنبەربوونە و رێژەی مردن بەم نەخۆشییە زیاترە لە 50%، هەروەها خەرجیی چارەسەرکردنیشی لەسەر حکومەت زۆرە."
نەقیبی پزیشکانی ڤێتێرنەری، سەبارەت بە قوربانیکردن لە گوندەکان گوتی، "کارەساتێکی گەورەیە کە ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ پێکەوە سەردەبڕدرێن و گۆشتەکانیان لەسەر یەکتر دادەنرێن، چونکە ئەمە مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشی لە گۆشتێکەوە بۆ گۆشتێکی دیکە زیاد دەکات."
د. فەرهاد بۆزۆ،ئاماژەی بەوەش کرد کە سەربڕینی ئاژەڵان کەمبووەتەوە و خەڵکی دهۆک پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەکانن، بەڵام هێشتا مەترسییەکە هەر هەیە و داوای لە هاونیشتمانیان کرد بەردەوام بن لەسەر پابەندبوون.
