رووداو-تەندروستی
قوربانیکردن لە دووەم رۆژی جەژنی قورباندا بەردەوامە و بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت، رێژەی قوربانیکردن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و زیاتر ئاژەڵی بچووک سەردەبڕدرێت.
هەڵمەت هەمزە بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "قوربانیکردن بەڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە، بەڵام سەربڕینی ئاژەڵی گەورە بە رێژەی 50% کەمی کردووە و هاونیشتمانیان زیاتر ئاژەڵی بچووک دەکەنە قوربانی."
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر، ئاماژەی بەوەش کرد کە کارمەندانی کوشتارگەکە لە کاژێر 6:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 6:00ـی ئێوارە بۆ خزمەتی هاونیشتمانیان لە ئەرکدان.
لەلایەن خۆیەوە، د. شاخەوان حەمە پزیشکی ڤێتێرنەری لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی هەولێر گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ ئاژەڵێکمان بە تەواوی رەتنەکردووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ تەندروستیی ئەو ئاژەڵانەی بۆ قوربانی دەهێندرێن."
