رووداو-تەندروستی
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان مەترسیی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون زیاد دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئەو نەخۆشییە لە هەولێر تۆمار نەکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-5-2026 د. نەبەز سەدرەدین بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە تەندروستیی هەولێر لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام مەترسیی تای خوێنبەربوون زیاد دەکات، چونکە پاشماوەی ئاژەڵ و خوێن مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زیاد دەکات."
د. نەبەز سەدرەدین ئاماژەی بەوەش کرد، "نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵدا بەدیار ناکەوێت، بۆیە باشتر وایە هاونیشتمانیان لە سەربڕخانەکاندا ئاژەڵەکانیان بکەنە قوربانی."
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان جەختی لەوە کردەوە کە "دەبێت ئەو کەسەی ئاژەڵ سەردەبڕێت، کەرەستەی خۆپارێزی بەکاربهێنێت و پاشماوەی ئاژەڵەکەش بەشێوەیەکی زانستی لەنێوببردرێت." هەروەها گوتیشی، "هەموو ساڵێک بە شێوەیەکی تایبەت هاونیشتمانیان لە مەترسییەکان هۆشیار دەکەینەوە."
