رووداو دیجیتاڵ
بەپێی شیکارییەک کە رۆژی چوارشەممە 27-05-2026 بڵاوکرایەوە، کۆمپانیا بەڵێندەرە سەربازییەکانی ئەمریکا پێویستیان بە لانیکەم سێ ساڵە بۆ پڕکردنەوەی جبەخانەکانی سێ سیستمی سەرەکیی چەک کە بە چڕی لە شەڕی ئێراندا بەکارهێنراون، ئەمەش مەترسییەکانی پەیوەست بە سنوورداریی توانای ئاگرینی هێزە ئەمریکییەکانی لە هەر ململانێیەکی داهاتوودا لەگەڵ چین زیاد کردووە.
ئەو سیستەمانەی چەک بریتین لە مووشەکی کروزی "تۆماهۆک" بۆ پێکانی ئامانجەکان لە قووڵایی خاکی 'دووژمن' بەکاردێن، لەگەڵ سیستمە بەرگرییەکانی "پاتریۆت" و "تاد" (THAAD) دژی مووشەک و درۆنەکان بەکاردەهێندرێن.
سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) لە راپۆرتێکی نوێیدا، رایگەیاندووە، "ئەمریکا تەقەمەنیی پێویستی بۆ هەر سیناریۆیەکی گونجاو لە شەڕی ئێراندا هەیە، بەڵام بەتاڵبوونی جبەخانەکان بۆشاییەکی دروستکردووە لە ئەگەری هەر ململانێیەک لە رۆژئاوای زەریای هێمن، کاتی پێویست بۆ دووبارە پڕکردنەوەی ئەو کۆگانە ئێستا بووەتە جێگەی نیگەرانییەکی سەرەکی."
چین ئامانجێکی راگەیاندووە ،دڵنیابێتەوە سوپاکەی تاوەکو ساڵی 2027 توانای کۆنترۆڵکردنی تایوانی هەیە بە زەبری هێز، شارەزایان ئەمە زیاتر وەکو خولیا دەبینن نەک وادەیەکی کۆتایی ، بەڵام شی جینپینگ، سەرۆکی چین ئەم مانگە هۆشداری دا ئەگەر واشنتن مامەڵەیەکی هەڵە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دوورگە بکات، ڕەنگە ئەمریکا و چین تووشی پێکدادان یان تەنانەت شەڕێکی کراوە ببن.
ئیدارەی ترەمپ بودجە زیاد دەکات، بەڵام بەرهەمهێنان کاتی دەوێت
شیکارییەکەی ئەو ناوەندە ئەمریکییە، رەچاوی پێشنیازی بودجەی بەرگریی ئەمریکا دەکات، بودجەکە 1.5 تریلیۆن لە خۆدەگرێت و لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە پێشنیاز کراوە بۆ ساڵی داهاتوو، تێیدا بە شێوەیەکی بەرچاو خەرجییەکان بۆ تەقەمەنییە پێشکەوتووەکان خێرا دەکات کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا دەستیپێکردبوو. لەکاتێکدا رەزامەنیی هەردوو پارتەکە لە کۆنگرێس هەیە بۆ زیادکردنی جبەخانەکان، راپۆرتەکە دەڵێت، "کێشەی ئەمڕۆ پارە نییە؛ کاتە."
راپۆرتەکە دەڵێت، "کات پێویستە بۆ فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنان و دروستکردنی ئەم سیستەمە ئاڵۆزانە" ئاماژە بەوە دەکات بۆشاییەکە بۆ "چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت تاوەکو جبەخانەکان دەگەڕێنەوە ئاستی پێشووی خۆیان، چەندین ساڵی دیکەشی دەوێت تاوەکو دەگەنە ئەو ئاستەی کە داڕێژەرانی شەڕ دەیانەوێت."
هەرچەندە ئاماری جبەخانەکان بە نهێنی ماونەتەوە، بەڵام (CSIS) دەڵێت، زانیاریی گشتیی پێویست لە مادەکانی بودجەی پێنتاگۆندا هەیە بۆ خەمڵاندنی کاتی بەرهەمهێنان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە ئەمریکا توانای بەڕێوەبردنی هەر شەڕێکی هەیە. ئەوان گوشار دەخەنە سەر بەڵێندەرەکان بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی، هێگسێت مانگی رابردوو بە کۆنگرێسی راگەیاند خەرجییە سەربازییەکان لە سەردەمی ترەمپدا یارمەتی کارگەکان دەدات تواناکانیان بۆ دوو یان تەنانەت سێ ئەوەندە زیاد بکەن.
لەمیانی کۆبوونەوەی کابینەی ترەمپ رۆژی چوارشەممە 27-05-2026، هێگسێت ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی کرد بۆ فراوانکردنی کەرتی پیشەسازیی بەرگریی وڵات، لەگەڵ وەبەرهێنانی بەڵێندەرە تایبەتەکان لە کارگە و هێڵەکانی بەرهەمهێنانی نوێدا "تاوەکو خێراتر لە هەر کاتێکی دیکە چەکمان دەستبکەوێت."
شۆن پارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێ، "سوپا هەموو ئەو شتانەی هەیە پێویستن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان لەو کات و شوێنەی سەرۆک هەڵیدەبژێرێت."
پارنێل گوتیشی، "ئێمە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوومان لە سەرانسەری فەرماندەییەکانی شەڕدا کردووە، لە هەمان کاتدا دڵنیابووینەتەوە سوپای ئەمریکا خاوەنی جبەخانەیەکی باشە بۆ پاراستنی گەل و بەرژەوەندییەکانمان."
هەندێک لە شارەزایانی سەربازی رەخنە لەو سیاسەتە دەگرن، ڤێرجینیا بێرگەر، شیکەرەوەی باڵای سیاسەتی بەرگری لە گرووپی (POGO) و ئەفسەری پێشووی مارێنز دەڵێت، بەرپرسانی پنتاگۆن "راستیی جبەخانەکانی سوپایان دەزانی، ئەگەر بچینە نێو ئەم شەڕەوە، تەنانەت بەپێی کۆنترین خەمڵاندنەکان، ئێمە جبەخانەکان بۆ ئاستێکی مەترسیدار کەمدەکەینەوە."
نیگەرانییەکان سەبارەت بە کەمیی تەقەمەنی لە جبەخانەکانی ئەمریکا بابەتێکی سەرەکی بوو لە دانیشتنەکانی ئەم دواییەی کۆنگرێسدا، بۆ دیموکراتەکان، بڕی تەقەمەنییەکان پێوەرێکی سەرکۆنەکردنە دژی شەڕی ئێران، هەندێک لە کۆمارییەکان دەڵێن کێشەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت ئەمریکا سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی بۆ ئۆکراینا ناردووە، هەرچەندە چەندین هاوپەیمانی ئەمریکا ئەو سیستەمانە بەکاردەهێنن.
مارک کانسیان، جەنەڕاڵی خانەنشینی مارێنز و راوێژکاری باڵا لە (CSIS) یەکێکە لەهاوبەشانی ئامادەکردنی توێژینەوەکە، دەڵێت رەگی ئەم تەنگژەیە بۆ کۆتایی جەنگی سارد دەگەڕێتەوە.
کانسیان دەڵێت، دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە کۆتایی ساڵی 1991، ئەمریکا وای دانا شەڕەکانی داهاتوو کورت و ناوچەیی دەبن و پێویستییەکی کەم بەو چەکە پێشکەوتووانە دەبێت، پێنتاگۆن بڕێکی کەمی داوا کرد بەو پێیەی سوپا پێویستی بە زۆر نابێت، بەڵێندەرە سەربازییەکانیش بە هەمان شێوە وەڵامیان دایەوە و پشتیان بە ژێرخانێکی بچووکی بەرهەمهێنان بەست بۆ دروستکردنیان.
کانسیان دەڵێت، شەڕی رووسیا لەگەڵ ئۆکراینا پێشانی دا شەڕەکان دەکرێت درێژخایەن بن و پێویستیان بە جبەخانەی گەورەی چەکی پێشکەوتوو دەبێت.
کانسیان پێی وایە، "بیرکردنەوەکە دەستی بە گۆڕان کرد، بەڵام تەنیا کاتی دەوێت بۆ دروستکردنی جبەخانەکان،" و ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی ئاڵنگارییەکە کاراکردنەوەی تۆڕێکی ئاڵۆزی زنجیرەی دابینکردن و بەڵێندەرە لاوەکییەکانە کە پارچە زۆر نوێیەکان بەرهەم دەهێنن.
کانسیان لە سەردەمی جۆرج دەبلیو بوش و باراک ئۆباما سەرپەرشتی کڕینی کەرەستە سەربازییەکانی کردووە، "زۆر کەس لە ئیدارەی ترەمپ مەیلیان بۆ ئەوە هەیە بڵێن هەموو شتێک خراپ بووە تاوەکو ئەوان گەیشتوون، ئەوە راست نییە، بەڵام ئەوە راستە ئیدارەی ترەمپ بە راستی بودجەکەی زیاد کردووە."
پڕکردنەوەی جبەخانە سەرەکییەکان چەند دەخایەنێت؟
خەمڵاندنەکانی (CSIS) پێشانی دەدەن ئەمریکا زیاتر لە 1,000 مووشەکی تۆماهۆکی بەرەو ئێران تەقاندووە، رەنگە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2030 بخایەنێت بۆ پڕکردنەوەی تەواوەتیی جبەخانەکان پێش شەڕ.
راپۆرتەکە دەڵێت، ساڵانە کەمتر لە 200 تۆماهۆک دروست دەکرێت بەهۆی داواکارییە کەمەکانی رابردوو، بەڵام کۆمپانیای رایتیۆن (Raytheon) ئامانجییەتی توانای بەرهەمهێنان بۆ زیاتر لە 1,000 مووشەک لە ساڵێکدا زیاد بکات.
کۆمپانیای (RTX) کۆمپانیای دایکی رایتیۆنە، ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر لێکۆڵینەوەکەی (CSIS) بدات، بەڵام ئاماژەی بە وەبەرهێنانی چەند ملیار دۆلاریی کردووە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، لەوانە فراوانکردنی دامەزراوەکانی لە ئەلاباما و ئەریزۆنا.
بۆ سیستمە داواکراوەکانی بەرگریی ئاسمانی، پڕکردنەوەی نزیکەی 290 مووشەکی "تاد" (THAAD) کە درۆن و مووشەکەکانی ئێرانیان خستە خوارەوە، رەنگە تاوەکو کۆتایی 2029 بخایێنێت، پڕکردنەوەی زیاتر لە 1,000 مووشەکی پاتریۆتیش دەبێت لە نێوەڕاستی 2029 کۆتایی بێت.
(CSIS) ئاماژەی بەوە کردووە کۆمپانیای لۆکهید مارتن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرهەمهێنانی هەردوو سیستەمەکە زیاد دەکات، لەکاتێکدا گەیاندنی مووشەکەکانی (تاد) "دووبارە رێکخراوەتەوە بۆ ئەوەی پێشینە بۆ پێویستییەکانی ئەمریکا بێت نەک هاوپەیمان و هاوبەشەکان."
راپۆرتەکە دەڵێت، "گەیاندنی پاتریۆت تەنگژەیەک بۆ ئەمریکا دروست دەکات، چونکە پێویستی بە پڕکردنەوەی جبەخانەکانی خۆی هەیە، لە هەمان کاتدا یارمەتی ئۆکراینا بدات بۆ بەرگری دژی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا، و پێویستییەکانی 17 وڵاتی دیکەش دابین بکات ئەو سیستەمە بەکاردەهێنن."
لۆکهید مارتن لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2030 بڕی 9 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات و "ئێستا ئەنجامی بەرجەستە دەبینرێت بۆ پڕکردنەوەی داواکارییە زۆرەکانی تەقەمەنی، لەوانە دامەزراوەیەکی نوێ لە ئەلاباما کە هەفتەی رابردوو راگەیێندرا، لەگەڵ زیاتر لە 20 دامەزراوەی دیکە لە سەرتاسەری ئەمریکا."
لەم نێوەندەدا، (CSIS) دەڵێت ئەگەری ململانێ لەگەڵ چین "هەمووی رەشبینی نییە،" چونکە سوپای ئەمریکا لەم دواییانەدا تواناکانی خۆی دژی ئێران، ڤێنزوێلا و حوسییەکانی یەمەن پێشان داوە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، "چین ئاگاداری ئەوەیە هیچ ئەزموونێکی شەڕی ئەم دواییەی نییە و لە دوا شەڕیدا بەرامبەر ڤێتنام لە ساڵی 1979دا ئاستێکی خراپی هەبووە، ئەو جیاوازییە لە ئەزمووندا رەنگە وەکو رێگر بمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی جبەخانەکان پڕ دەبنەوە."
