رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێ، لە داهاتوودا چی روودەدات، لەسەر ئێران دەوەستێت.
هێگسەس ئاماژەی بە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی لە رۆژی دووشەممە کرد و گوتی: "ترەمپ سەیری کامێراکەی کرد و گوتی، باشە، ئێران دەتوانێت یان بە رێگەی راست و لە رێگەی رێککەوتنێک لەسەر مێزی گفتوگۆ کارەکان بکات، یان دەتوانێت رووبەڕووی پیاوەکەی دەستەچەپم ببێتەوە،" کە مەبەستی لە هێگسەس بوو.
رۆژی هەینی 29ـی ئایاری 2026، هێگسەس ئەو قسانەی لەسەر کەشتیی جەنگیی USS Boxer لە نزیک سەنگاپوور کرد، کە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندێکی ئاسایشیی ئاسیا گەیشتووەتە ئەو وڵاتە.
رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران "تا ئاستێکی زۆر یەکلایی بووەتەوە." بەڵام کەمتر لە 24 کاژێر دوای ئەوە، ترەمپ لە قسەکانی پاشگەزبووەوە و دەستەواژەی "تاوەکو ئاستێکی زۆر یەکلاییکراوەتەوە" گۆڕدرا بۆ "هێشتا بە تەواوی دانوستاندنی لەسەر نەکراوە."
رۆژی پێنجشەممەش جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن و تاران لە رێککەوتن نزیکن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوانیان، بەڵام هەموو شتێک لەسەر رەزامەندیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەستاوە.
ڤانس لە مێریلاند بە رۆژنامەڤانانی گوت: "قورسە بڵێین کەی سەرۆک واژۆی دەکات، ئێستا خەریکی گفتوگۆین لەسەر هەندێک وشە و دەستەواژەی نێو رێککەوتنەکە، بەڵام پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە بەم شێوەیەیە: جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەکەدا ئازاد دەبێت، ئێران لە 30 رۆژدا مینە دەریاییەکان لادەبات، ئەمریکاش گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لادەبات. بەڵام ئێران هێشتا بە فەرمی ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و دەڵێ، دەبێت دەقەکە بەتەواوی ئامادە بکرێ.
ئەمریکا داوای رادەستکردنی یۆرانیۆمی بەرز پیتێنراو و وەستاندنی پیتاندنی مادە ئەتۆمییەکە بێت، کە بەرپرسانی ئێران لە قسە ئاشکراکانیاندا رەتی دەکەنەوە.
لەو بارەیەوە، ڤانس رایگەیاند: "چەند کێشەیەک لەسەر پرسە ئەتۆمییەکان ماون، وەک یەدەگی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو و هەروەها پرسی ئاستی پیتاندن. بۆیە خەریکی گفتوگۆین لەگەڵیان؛ پێمانوایە ئەوان تاوەکو ئێستا بە نیازێکی باشەوە دانوستاندن دەکەن و خەریکە پێش دەکەوین."
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش ئێوارەی پێنجشەممە گوتی، واشنتن دەستبەرداری ئەو دوو داوکارییەی نابێت.
