رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری بریندارانی رۆژانی جەژنی قوربانی لە سەرجەم پارێزگاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا هەزار و 876 کەس بەهۆکاری جیاواز بریندار بوون یان رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان و خزمەتگوزارییە پزیشکییە فریاکەوتنەکانەوە کۆکراونەتەوە، دەری دەخەن کۆی گشتیی بریندارەکان گەیشتووەتە هەزار و 876.
بەگوێرەی ئامارەکە، زۆربەی بریندارەکان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە بوون کە هەزار و 324 بوون، 120 ژەهراویبوون، 122 تەنگەنەفەسی، 169 سووتان، 55 برینداربوون بە گولــلە، 28 برینداربوون بە یاریی ئاگرینی منداڵان و 18 خنکان.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق راشیگەیاندووە، پێش جەژن عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستی، فەرمانی کردبوو بە ئامادەیی تەواوی تیمە پزیشکییەکان و چاودێریی وردی کارەکانیان لە پارێزگاکان، هەروەها جەخت کرابووەوە لەسەر خێراکردنی وەڵامدانەوەی تیمەکان و دابینکردنی هەموو جۆرە دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکی بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکێشی بریندارەکان بکرێت.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق راشیگەیاند، تیمە پزیشکییەکان لە رۆژانی جەژندا بەدرێژایی 24 کاژێر لە چوارچێوەی پلانی فریاکەوتندا لە کاردابوون.
