رووداو دیجیتاڵ
هەریەکە لە کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و بزووتنەوەی نوجەبا پرۆسەی هەبوونی چەک لەدەستی دەوڵەت رەتدەکەنەوە و دەڵێن: "حکومەتەکەمان توانای دەرکردنی داگیرکەری نییە".
رۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لەبارەی پرسی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە چەکەکانمان رادەست ناکەین و لە دەرەوەی چوارچێوەی کارەکانی حکومەت دەمێنینەوە."
گوتەبێژی سەیدولشوهەدا گوتی: "داگیرکەر هێشتا لە خاکەکەمانە، هەربۆیە ئێمە ناتوانین چەک دابنێین."
کەتیبەکانی سەیدلشوهەدا لە ساڵی 2013 دامەزراوە و لەنێو دەستەی حەشدی شەعبییە، ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتییەتی.
کازم فەرتووسی دەڵێت: "حکومەتەکەمان توانای دەرکردنی داگیرکەری نییە و هیچ رادار و بەرگرییەکی ئاسمانی نییە، بۆیە دەبێت ئێمە خۆمان پارێزگاری لە خۆمان بکەین."
هاوکات فیراس یاسر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی نوجەبا بە رووداوی گوت: "بابەتەکە وەک دەڵێن جیاکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە چەکی مقاوەمەوە نییە. ئەم بابەتە شتێکی نوێ نییە، چونکە ئێستا حەشد بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بەستراوەتەوە".
بزووتنەوەى نوجەبا، گرووپێکى چەکداریى شیعەی عێراقە، لە ساڵى 2013 دامەزراوە و لە عەسائیبی ئەهلى حەق جیابووەتەوە. نوجەبا یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی حەشدی شەعبی، ژمارەى چەکدارانی بە نزیکەی 10 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێ و ئەکرەم کەعبی، ئەمیندارى گشتیى بزووتنەوەکەیە.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی نوجەبا دەشڵێت: "ئەوەی روودەدات تەنیا پڕوپاگەندەیەکی میدیاییە بۆ زیندووکردنەوەی بابەتە کۆنەکان."
فیراس یاسر گوتی: "لە دۆخی ئێستادا ئەم بابەتە لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقییەوە رەت دەکرێتەوە."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی نوجەبا، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ "هەڵوەشاندنەوە"ی حەشدی شەعبییە و بۆ ئەو مەبەستەش "چەندین جار نامەی بۆ سەرکردە سیاسییەکان ناردووە."
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و ئەسحابولکەهف: چەک دانانێین
ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لەبارەی ئەو بابەتە لە پلاتفۆرمی (ئێکس) رایگەیاند، کاری جیهادی ئێستا "واجبێکی کیفائییە" و ئەوان لەبری ئەو لایەنانەی وازدەهێنن بەردەوام دەبن.
رۆژی 26ی مانگی رابردوو موقتەدا سەدر جیاکردنەوەی باڵە سەربازییەکەی (سەرایا سەلام) لە رەوتەکەی راگەیاند و داوای لە گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی کرد چەکەکانیان رادەست بکەن.
عەساف پێشنیازی بۆ ئەو لایەنانە کردووە کە دەیانەوێ چەکەکانیان رادەست بکەن و دەڵێ: "ئامادەین سەرپەرشتی سەرژمێریکردنی چەکەکان و کۆگەکردنیان بکەین؛" هەروەها دەشڵێ: "ئامادەین ئەو چەکە تایبەتانەی کە دەزگاکانی دەوڵەت پسپۆڕییان تێدا نییە، وەک درۆن، مووشەک و دژەتانک وەربگرین و پارەکەشیان بدەین."
هەروەها گرووپی ئەسحابولکەهف، کە یەکێکە لە گرووپە پێکهێنەرەکانی (موقاوەمەی ئیسلامی) لە عێراق دوێنێ 2ی حوزەیران لە راگەیێندراوێکدا دانانی چەکی رەتکردەوە و پێیوایە کە مەرجەعیەت پاڵپشتیی ئەو چەکدانانە ناکات و دەڵێت:" هەر لایەنێک داوامان لێدەکات دەستبەرداری موقاوەمە بین، پێویستە نووسراوی فەرمیی مەرجەعیەتمان بۆ بهێنێت."
سەرایا سەلام، عەسائیب و کەتیبەکانی ئیمام عەلی: چەک رادەست دەکەین
رۆژی 26ی مانگی رابردوو موقتەدا سەدر جیاکردنەوەی باڵە سەربازییەکەی (سەرایا سەلام) لە رەوتەکەی راگەیاند و داوای لە گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی کرد چەکەکانیان رادەست بکەن.
بەپێی راگەیێندراوێک کە رۆژی سێشەممە، 2ی حوزەیرانی 2026، لەلایەن ئەمیندارێتیی گشتیی کەتیبەکانی ئیمام عەلییەوە بڵاوکرایەوە، سەرکردایەتیی ئەو گرووپە بڕیاری داوە کۆتایی بە پەیوەندییە رێکخراوەییەکانی لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی بهێنێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هەنگاوە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و پاراستنی دەستکەوتەکانی سەرکەوتن و بەهێزکردنی سەروەریی یەکپارچەیی عێراقەوەیە؛" هەروەها باس لەوە کراوە کە بڕیارەکەیان هاوتەریبە لەگەڵ "خواستی نیشتمانی و بڕیاری برایان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی" بۆ کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت.
هەمان رۆژ، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە راگەیێندراوێکدا پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی راگەیاند.
بە گوێرەی ئەو بزووتنەوەیە، پێکهێنانی لیژنەکە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پچڕانی پەیوەندییە لەگەڵ پێکهاتەکانی دەستەی حەشدی شەعبی و جێبەجێکردنی داوای مەرجەعیەتە.
بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق کە لەژێر دروشمی "دەوڵەتێکی سەقامگیر و ئابوورییەکی بەرهەمهێن" کار بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەکات. لە یەکەم خاڵی بەرنامەکەدا ستراتیژیی حکومەت دیاریکراوە کە یەکێک لەوانە بریتییە لە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ "سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" لە قۆناخی داهاتوودا ناسێنراوە.



