رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پڕۆژەیەکی نوێ بۆ دابەشکردنی پارچەزەوی بەسەر خێزانەکاندا رادەگەیێنێت و دەڵێت: "نامانەوێ هیچ عێراقییەک بێ زەوی بێت."
رۆژی سێشەممە، عەلی فالح زەیدی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی لە پلانی حکومەتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون کرد: "هەموو عێراقییەک، خێزانێک کە پارچە زەوی نییە، دەمانەوێ پارچە زەوییەکی بەخۆڕایی پێ بدەین."
سەبارەت بە شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، مۆدێلێکی هەمەجۆر پەیڕەو دەکەن و کەرتی تایبەت و کۆمپانیا گەورەکان تێیدا بەشدار دەبن، گوتیشی: "پشتگیریی بازرگانەکان دەکەین و لەگەڵیان دەبین. کارەکان دابەش دەکەین، هەر بازرگانێک بەشێک دەگرێتە ئەستۆ و ئێمەش وەک دەوڵەت بەشێکی دیکە دەگرینە ئەستۆ."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، سوود لە توانای کۆمپانیاکانی نەوت و کارەبا وەردەگرن بۆ خزمەتگوزاریی پڕۆژەکە و رایگەیاند: "دەمانەوێ پڕۆژەکە وەک قازانجی کۆمەڵایەتی بێت. ئێمە پارە وەرناگرین، بەڵکو بە بازرگانەکە دەڵێین 'پشکی تۆ ئەوەیە 10 هەزار پارچە زەوی ئامادە بکەیت'، بە ئەوی دیکە دەڵێین '5 هەزار پارچە زەوی ئامادە بکە'."
زەیدی دووپاتی کردەوە، حکومەت ئامادەیە بەشێک لە تێچووی پڕۆژەکە لە گەنجینەی دەوڵەتەوە دابین بکات: "نامانەوێ هیچ عێراقییەک بێ زەوی بێت، خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابین دەکەین و دابەشی دەکەین."


