رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی نوجەبا، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، رایگەیاند دەستبەرداری چەکەکانیان نابن.
ئەو بزووتنەوەیە، رۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، هەڵوێستیان لە بارەی چەکەوە جێگیرە و ناگۆڕێت، کە بە گوتەی نوجەبا بۆ بەرگری لە عێراق و گەلەکەی و پیرۆزییەکانی بووە.
نوجەبا رایگەیاندووە، هەڵوێستیان هەمان ئەو هەڵوێستەیە کە پێشتر لە 6ی ئایار لە راگەیێنراوێکی ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە رایگەیاندبوو.
ئەکرەم کەعبی 6ی ئایار داوای لە سەرجەم لایەنەکانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کرد، قسەکردن لەبارەی چەکدانانیان رەتبکەنەوە و گوتی: "چەکی بەرگری هێڵی سوورە و هەتا هەناسە بدەین رادەستی ناکەین."
ئەو هەڵوێستەی ئەو گرووپە شیعەیە لەدوای ئەوە بوو کە هەر یەک لە کەتیبەکانی ئیمام عەلی و بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە دوو گرووپی چەکداری شیعەی وابەستەی ئێرانن، بە فەرمی رایانگەیاند، ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانیان لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی بپچڕێنن، وەک بەشێک لە پڕۆژەی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، کە یەکێکە لە داواکارییەکانی ئەمریکا.




