رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین زانیاریی نوێ لەبارەی دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئەو بەرپرسە بە "حوتی نەوت" ناسرابوو و بەهۆی پشتگیریی بەرپرسانی باڵای بەغداوە، حیسابی بۆ هیچ کەسێک لە پارێزگاکە نەدەکرد.
یاسین محەممەد عەلی داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، عەدنان محەممەد جومەیلی کە پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی بێجی بووە، لە ئاستی باڵای بەرپرسانی عێراق (شیعە و سوننە) پشتیوانی لێدەکرا و پارەی پێدەدان بۆ پەردەپۆشکردنی کارەکانی.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا، جومەیلی لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە قەزای شەرگات بەدوای کەسانی نزیکیدا دەگەڕێن. داوودی دەڵێت: "برا و کەسە نزیکەکانی رایانکردووە و زۆر بەرپرسی دیکەش لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون."
ئێستا لە سەلاحەدین باس لەوە دەکرێت کە جومەیلی دەستی هەبووە لە هێرشەکانی سەر پاڵاوگەی بێجی بۆ شاردنەوەی بەڵگەکان، هەروەها بڕی 7 ملیار دیناری بۆ سەرخستنی بەربژێرێکی پەرلەمان خەرج کردووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەنجامی سەرەتایی لێکۆڵینەوەکانی بڵاوکردەوە. دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رایگەیاند، دەست بەسەر سامانێکی خەیاڵیی جومەیلی و گرووپەکەیدا گیراوە کە پێکهاتووە لە: نزیکەی 40 موڵک لە پارێزگاکانی هەولێر، بەغدا و سەلاحەدین، 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 3 ملیار دیناری عێراقی و کیلۆ و نیوێک زێڕ و بڕێکی زۆر چەکی سووک و مامناوەند.
عەدنان جومەیلی کە رۆژی 30ی ئایاری 2026 لە ناوچەی ئیسحاقی دەستگیرکرا، یەکێک بوو لە دەستڕۆیشتووترین بەرپرسانی کەرتی نەوت لە سەردەمی کابینەکەی سوودانیدا. دادگا جەخت دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەو لایەنانەی هاوکاری ئەم "حوتی نەوت"ـە بوون.



