رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، چوار بەرپرسی راسپارد کە رێکارەکانی بڕیاری جیاکردنەوەی تەواوەتی باڵی سەربازیی رەوتەکەی (سەرایا سەلام) لە رەوتە سیاسییەکەی لەماوەی هەفتەیەکدا جێبەجێ بکەن.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر کە رۆژی پێنجشەممە، 28ی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە دەسەڵاتی داوەتە هەر یەکە لە: حەیدەر جابری، بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەت؛ ئەبوو دوعا عیساوی، راوێژکاری سەربازی ؛ تەحسین حەمیداوی، یاریدەدەری جیهادی و شێخ محەممەد عەبوودی، بەرپرسی بونیان مەرسووس بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکان.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ئەم لیژنەیە رادەسپێردرێن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی جیابوونەوەی باڵی سەربازی (سەرایا سەلام) لە رەوتی نیشتمانیی شیعە لە ماوەیەکدا کە لە یەک هەفتە تێپەڕ نەکات."
سەرایا سەلام گرووپێکی چەکداری سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعەیە، بەشێکە لە دەستەی حەشدی شەعبی و زۆربەی هێزەکانی لە سنووری قەزای سامەڕایە، کە مەزارگەی هەندێک لە ئیمامەکانی شیعەی لێیە.
موقتەدا سەدر رایگەیاندووە، دەبێت "رادەستکردنی تەواوەتی" لە رۆژی جەژنی(غەدیر)دا بێت و باڵی مەدەنیی سەرایا سەلامیش لەگەڵ پڕۆژەی (بونیان مەرسووس)تێکەڵ بکرێت. پێویستە ئەم لیژنەیە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی دەوڵەتدا هاوئاهەنگی بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
رۆژی چوارشەممە 27ی ئایاری 2026، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە نووسراوێکدا کە تۆڕی ئێکس بڵاوی کردەوە. گرووپی چەکداری سەرایا سەلامی لە رەوتەکەی دابڕی بۆ ئەوەی بەتەواوی ببنە بەشێک لە دەوڵەت.
موقتەدا سەدر رایگەیاند، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمانی و بۆ خۆدوورگرتن لە زیانگەیاندن بە وڵات، بڕیاری دا کە سەرایا سەلام بەتەواوی لە رەوتی نیشتمانیی شیعە داببڕێت و بەتەواوی بیبەستێتەوە بە دەوڵەت و بەرپرسی گشتی لە پێکهاتە سەربازییەکان.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، دامەزراوە مەدەنییەکانی سەر بە سەرایا سەلام دەبەستێتەوە بە دامەزراوەی بونیان مەرسووس، کە سەر بە رەوتی نیشتمانییە، نابێت بارەگا، چەک و جلوبەرگ و هیچ نیشانەیەکی دیکەیان هەبێت.
لە دوای ساڵی 2014 گرووپی سەرایا سەلام بەشێک بوون لەو هێزانەی کە بەشداریی شەڕی دژی داعشیان کرد.
سەرۆکی رەوتی نیشتمانی شیعە هیوای خواستووە، سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەى حەشدی شەعبی خۆیان لە فەرمانی حیزبی و تائیفی داببڕێنن، بەتایبەت دوای ئەوەی چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت دەکەن.
ئەو هەنگاوەی موقتەدا سەدر لە کاتێکدایە، بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان حکومەتی عێراق و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی حەشدی شەعبی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکەکانیان نەک دانانیان، ئەوەش لە رێگەی بەشداریپێکردنیان لە نێو دەستەی حەشدی شەعبی.
