رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی لێکۆڵینەوە لە چەندین گرێبەستی "ملیار دیناری" دەردەکات و رایدەگەیێنێت، هەرکەسێک دەستی لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتیدا هەبێت، رووبەڕووی دادگە دەکرێتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی وەزاری و بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی"، لایەنە چاودێرەکان و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە "ژمارەیەک گرێبەستی گرنگ."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو گرێبەستانەی لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت، پێشتر لەلایەن وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکانەوە واژۆکراون و بڕەکەیان "بە ملیاران دینار" دەخەمڵێنرێت. ئامانجی لێکۆڵینەوەکەش دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئایا ئەو گرێبەستانە تاکو چەند لەگەڵ یاسا و رێنماییەکان دەگونجێن و بەرژەوەندیی گشتییان تێدا رەچاو کراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە، "دەبێت سەرجەم ئەو کەسانە دەستنیشان بکرێن کە کەمتەرخەم بوون یان زیانیان بە سامانی گشتی گەیاندووە، هەروەها ئەو لایەنانەش ئاشکرا بکرێن کە لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی، سوودمەند بوون لەو گرێبەستانە."
لە بەشێکی دیکەی فەرمانەکەدا هاتووە، عەلی زەیدی داوای کردووە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە زووترین کات رادەستی دەسەڵاتی دادوەری بکرێن، "بۆ ئەوەی دەستی ئەو کەسانە ببڕدرێت کە یاری بە سامانی گشتی دەکەن و رادەستی دادگا بکرێن بۆ سزادانیان."
ئەم هەنگاوەی زەیدی بەشێکە لە تەوەرەی سێیەمی کارنامەی حکومەتەکەی بۆ "چاکسازیی ئابووری و دارایی" کە دیارترین خاڵەکانی ئەمانەن:
-رێکخستنی دارایی: کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەدیجیتاڵکردنی کۆکردنەوەی باج.
-چاکسازیی بانکی: بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پەرەپێدانی بانکە حکومییەکان.
-وەبەرهێنان: دامەزراندنی (ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان) و پاراستنی کۆمپانیا بیانییەکان.
-سندووقی نەوەکان: دامەزراندنی سندووقێک بۆ پاراستنی مافی نەوەکانی داهاتوو لە سامانی نەوتدا.
