رووداو دیجیتاڵ
یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەمجارە، لەنێوان هەردوو یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لەلایەن ناوبژیوانێکەوە بەڕێوەدەبردرێت، یەکەمجارە سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی یارییەکی کۆتایی بکات.
ناوبژیوانەکە دانیێل سیبەرتی ئەڵمانییە، لەلایەن لیژنەی ناوبژیوانانی یوفاوە دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی ناوبژیوانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەنێوان ئارسیناڵ و پاریس سانجێرمان بکات.
ناوبژیوانەکە تەمەنی 42 ساڵە، لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستی بە کاری ناوبژیوانی کردووە، 2015 بووەتە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و ئێستا یەکێکە لە ناوبژیوانە دیارەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا و ئەورووپا، لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا سەرپەرشتی 9 یاریی کردووە و یەکەمجارە یارییەکی کۆتایی لە کاروانی کارکردنیدا وەکو ناوبژیوان بەڕێوەدەبات.
سیبەرت دەڵێت، کاتێک رۆبێرتۆ رۆسێتی، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی یوفا پەیوەندیی پێوەکردم، ئەو کاتە لەگەڵ هاوژینەکەم بووم، ساتێکی زۆر تایبەت و خۆشبوو بۆ من
خۆی دەڵێت "رۆبێرتۆ رۆسێتی، بەڕێوەبەری ناوبژیوانانی یۆفا پەیوەندیی پێوەکردم و لەگەڵ هاوژینەکەم بووم، ئەوە ساتێکی زۆرخۆشبوو بۆ من. هەرگیز چاوەڕێی پەیوەندییەکی لەو شێوەیەم نەدەکرد، بەڵام هەمیشە هیواخوازبووم یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەببەم".
ناوبژیوانە ئەڵمانییەکە لەبارەی ئەوەی کە یەکەمجارە یارییەکی کۆتایی بەڕێوەدەبات، گوتی "هەست دەکەم وەرزێکی باشم هەبووە. یەکەم شت کە سەیری دەکەم ژمارەی یارییەکانە، بۆیە زۆر دڵخۆشم کە لە ریزی ئەو گرووپە پێشەنگەم کە نۆ یارییان بەڕێوەبردووە. پاش ئەوە، گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە کە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ یاریزانەکاندا هەبێت، متمانەم پێ بکەن و تێبگەن و بڕیارەکانم قبوڵ بکەن.
زیبەرت، لە بنەڕەتدا مامۆستایە و خاوەنی دوو منداڵە، دەڵێت " ئێستا کاری مامۆستایەتی ناکەم، بەڵام چێژ لەوە دەبین کە ناوبژیوانێکی پیشەگەرم و خاوەنی دوو منداڵم، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا بگەڕێمەوە بۆ ئەو کارە".
دانیێل بەسەرهاتێکی خۆش دەگێڕێتە و دەڵێت "بەشێک لەو قوتابیانەی پێشتر وانەم پێگوتوون ئێستا بوونەتە یاریزان، لەم وەرزەدا ناوبژیوانی یارییەکی بوندێسلیگام کرد و دوو لەو قوتابیانەی من لە یانەکانی کۆڵن و هۆفێنهایم بوونەتە یاریزان، ئەوان هێشتا بەشێوەیەکی فەرمی قسەم لەگەڵ دەکەن و بە "بەڕێز سیبەرت" بانگیان دەکردم، منیش ناچاربووم پێیان بڵێم ئیدی پێویست ناکات بەو شێوەیە قسە بکەن.
