رووداو دیجیتاڵ
نیکۆلاس گۆڤەر، راهێنەری تۆپە جێگیرەکانی ئارسیناڵ، بووە مانشێتی رۆژنامەکان و جێگەی سەرنجی هەمووان، پاشئەوەی بووە کۆدێکی نهێنی بەدەستهێنانەوەی نازناوی پرێمەرلیگ لەلایەن گانەرزەوە، پاش 22 ساڵ چاوەڕوانی.
ئارسیناڵ لە وەرزێکی ناوازەی پڕ لە ململانێدا، کۆتایی بەچاوەڕوانییەکانی خۆی هێنا. گۆڤەر بووە جێگای سەرنجی هەمووان، پاشئەوەی تیپەکە لە چەندین یاریی و وێستگەی زەحمەتدا، بەهۆی کارەکەی ئەوەوە، بردنەوەی بەدەستهێنا.
گۆڤەر راهێنەری تۆپە جێگیرەکانی یانە لەندەنییەکەیە، سەرچاوەکان گوتوویانە، بۆ هەر گۆڵێک لە تۆپێکی جێگیرەوە، ئەو راهێنەرە بڕی 10 هەزار پاوەندی وەرگرتووە.
ئارسیناڵ لە وەرزی ئەمساڵدا، 19 گۆڵی لە کۆڕنەرەوە تۆمارکرد، بەوەش ژمارەی پێوانەیی زۆرترین گۆڵی لەیەک وەرزدا لە کۆڕنەرەوە شکاند.
ئەو ژمارە پێوانەییە و ئەوەی ئارسیناڵ بەدەستیهێنا، گۆڤەری راهێنەری تۆپە جێگیرەکانی لە پشتەوەیە. ئەو فەرەنسییە و هەڵسوڕێنەری ئەوەیە کە تیپەکە لەو لایەنەوە توانی ئەنجامی بدات.
کۆی گۆڵەکانی ئەمساڵی ئارسیناڵ لە پرێمەرلیگ، جیا لە لێدانەکانی سزا 25 گۆڵ بوو، ئەمە جیا لە چوار گۆڵ کە تیپەکە لە چامپیۆنزلیگدا تۆماریکرد.
لەسەر ئاستی جامەکانی نێوخۆی ئینگلتەرا، ئارسیناڵ پێنج گۆڵی تۆمارکرد، بەوەش کۆی گۆڵەکانی تیپەکە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانی وەرزی ئەمساڵدا گەیشتە 34 گۆڵ.
بەپێی ژمارەی ئەو گۆڵانەی لە لێدانی جێگیرەوە تۆمارکراون، گۆڤەر ئەمساڵ تەنیا وەک پاداشتی ئەو گۆڵانە بڕی 340 هەزار پاوەندی وەرگرتووە.
دەکرێ گۆڤەر پاداشتەکەی زیاتر ببێت، ئەگەر لە یارییەکەی ئەمشەودا، یاریزانەکانی ئارسیناڵ بتوانن لە تۆپی جێگیرەوە گۆڵ لە پاریس سانجێرمان تۆماربکەن، لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا.
ئارسیناڵ لەبەردەم دەستکەوتێکی دارایی مێژووییدایە و ئەگەر ئەمشەو نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە، کۆی پاداشتە داراییەکانی لە وەرزەکەدا دەگاتە 300 ملیۆن یۆرۆ.
گۆڤەر ساڵی 2021 لە مانچێستەر سیتییەوە روویکردە ئارسیناڵ. ئارتێتا تواناکانی ئەو هاوکارەی پێشووی خۆی لە سیتی دەزانێت و لە وەرزی ئەمساڵیشدا، زۆر بەباشی بەکاریهێنا.
گۆڤەری 44 ساڵان، پێشتر لە مۆنپلێ، هەڵبژاردەی کرواتیا و یانەی برێنتفۆرد کاری کردووە.
گۆڤەر ئێستا ئەندامێکی تیمە یاریدەدەرەی ئارتێتایە و هەمووان ساڵی 2027 گرێبەستیان لەگەڵ یانەکە کۆتایی دێت، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان، هاوینی ئەمساڵ گرێبەستی ئەوان بۆ ماوەیەکی درێژتر، نوێدەکرێتەوە.
میدیای ئینگلتەرا پێشبینیدەکەن لە گرێبەستە نوێیەکەیدا، گۆڤەر پاداشتەکانی بۆ هەر گۆڵێک کە تیپەکە لە تۆپی جێگیرەوە تۆماری دەکات، زیاتر ببێت لە 10 هەزار پاوەند.
