رووداو دیجیتاڵ
رێوان ئەمین، ئەستێرەی کوردی یانەی شورتە، رۆیشتنی لە یانەکە راگەیاند و یانەی دهۆک و چەند یانەیەکی دیکە هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکە دەدەن.
رێوان ئەمین، دوای ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر مینا، لە پەیامێکدا ماڵئاوایی لە یانەکە کرد و دەڵێت "دوای دوو وەرزی سەرسوڕهێنەر، کاتی من لە یانەی شورتە کۆتایی هات.
سوپاسی هەمووان لەناو یانەکە بکەم و لە یەکەم رۆژەوە وایان کرد هەست بکەم لە ماڵی خۆمم، سوپاس بۆ ئەو متمانەیەی پێتان بەخشیم و بۆ هەموو ئەو یادگارییە بڕواپێنەکراوەی بەیەکەوە دروستمانکرد، بەڕاستی چێژم لە هەموو ساتەکانم لە شورتە بینی و هەمیشە بە شانازی و پێزانینەوە ئاوڕ لەو کاتانە دەدەمەوە کە لەو یانەیە بووم.
سوپاس بۆ کارگێڕی، راهێنەران، هاوتیپ و هاندەرانمان بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانیان لەم گەشتەدا، بڕوا و هاندانی ئێوە مانایەکی زۆری هەیە بۆ من. پۆشینی ئەم درێسە شانازی و شکۆیەکی گەورە بوو بۆ من. سوپاس بۆ هەموو شتێک.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، لە ماوەی رابردوودا یانەی دهۆک قسەی لەگەڵ رێوان ئەمین کردووە و گفتوگۆیان لەبارەی گەڕانەوەی ئەو یاریزانە بۆ یانەکە کردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
جگە لەوە چەند یانەیەکی دیکە لەسەر ئاستی عێراق دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەستێرە کوردەکە بکەن، بەڵام رێوان ئەمین دەچێتە ئەورووپا بۆ وەرگرتنی پشوو و دوای ئەوە بڕیاری خۆی دەدات.



