رووداو دیجیتاڵ
گرێبەستی بارسێلۆنا لەگەڵ ئەنتۆنی گۆردۆنی یاریزانی ئینگلیزیی یانەی نیوکاسڵ، لەوانەیە خەزێنەی ریال مەدرید ببوژێنێتەوە.
ریال مەدرید لایەنێک نەبوو لە گرێبەستی گواستنەوەی ئەنتۆنی گۆردۆنی ئینگلیزی بۆ بارسێلۆنا، بەڵام لەوانەیە لە رۆژانی داهاتوودا ببێتە یەکێک لە گەورەترین سوودمەندەکان لەو کارە.
بەپێی بەرنامەی ئێل چێرینگیتۆ، یانەی نیوکاسڵ دوای رۆیشتنی گۆردۆن بۆ بارسێلۆنا، دەستەوارەیەکی بەبڕی 35 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش کردووە بۆ گواستنەوەی ڤیکتۆر مونیۆز، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ قەرەبووکردنەوەی یەکێک لە دیارترین یاریزانانی هێڵی هێرشبەری تیپەکەی.
ئەم گرێبەستە گرنگییەکی تایبەتی بۆ ریال مەدرید هەیە، سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە پێشتر لە یانەکە رۆیشتووە، چونکە یانە شاهانەکە تاوەکو ئێستا 50٪ـی مافە داراییەکانی مونیۆزی لای خۆی هێشتووەتەوە دوای ئەوەی چوو بووە یانەی ئۆساسۆنا.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە هاوینی رابردوو لە کاتی فرۆشتنی یاریزانەکەدا واژۆ کراوە، ریال مەدرید نیوەی بڕی هەر گرێبەستێکی فرۆشتنی داهاتووی یاریزانەکە وەردەگرێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە خەزێنەکەی نزیکەی 17.5 ملیۆن یۆرۆی بۆ دەگەڕێتەوە ئەگەر گواستنەوەکەی بۆ نیوکاسڵ بەو نرخە پێشنیازکراوە جێبەجێ بکرێت.
مونیۆز لە ریال مەدریدەوە بەبڕی نزیکەی 4.3 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە ئۆساسۆناوە کردبوو، لەگەڵ هێشتنەوەی مافە داراییە گرنگەکان بۆ یانە شاهانەکە، جگە لە هەبوونی بڕگەیەک کە رێگەی پێدەدات لە ماوەیەکی دیاریکراودا دووبارە بیکڕێتەوە Buy-back clause.
ئەم باڵە ئیسپانییە تەمەن 22 ساڵانە بە یەکێک لە بەهرەمەندە دیارەکانی لیگا دادەنرێت، دوای ئەوەی وەرزێکی نایابی بەڕێکرد و تێیدا 7 گۆڵی تۆمارکرد و 5 گۆڵی دیکەشی دروستکرد لە 36 یارییدا لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا، هەروەها پێگەی خۆی بەهێزتر کرد بە تۆمارکردنی گۆڵێک لە یەکەم دەرکەوتنیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی ئیسپانیا.
لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە، ریال مەدرید یەکێک دەبێت لە گەورەترین سوودمەندەکان، سەرەڕای ئەوەی راستەوخۆ بەشداری لە دانوستاندنەکاندا نەکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەو ستراتیژییەی لە کاتی دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە پەیڕەوی کردووە و بەشێک لە مافە داراییەکانی لای خۆی هێشتووەتەوە.



