رووداو دیجیتاڵ
هەر یاریزانێکی یانەی پاریس سانجێرمان، بڕە پارەیەکی خەیاڵی وەک پاداشت وەردەگرێت، ئەگەر نازناوی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ بەدەست بهێنن.
کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و ئارسیناڵی ئینگلیزی، لە یاریگای پوشکاش ئارێنای بۆداپێستی پایتەختی هەنگاریا بەیەکدەگەن.
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، کارگێڕیی سانجێرمان بڕیاریداوە، هەر یاریزانێک بڕی یەک ملیۆن یۆرۆ پاداشت وەردەگرێت، ئەگەر یانەکە نازناوەکە بباتەوە.
پاریس سانجێرمان وەک پاڵەوانی وەرزی رابردوو دەچێتە یارییەکەوە و چاوی لەوەیە بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک، نازناوەکە بباتەوە.
رۆژنامەکە دەڵێ، هەر یاریزانێکی یانەکە، ئەگەر تەنیا بۆ ماوەی یەک خولەکیش بەشداریی لە یارییەکانی یانەکە لە چامپیۆنزلیگدا کردبێت، بڕی ملیۆنێک یۆرۆ پاداشت وەردەگرێت.
'لیکیپ' ئاشکرایکردووە، یانە فەرەنسییەکە، وەرزی رابردووش بەهەمان بڕە پارە پاداشتی یاریزانەکانیدا، کاتێک بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، نازناوەکەی بردەوە.
وەک هەمان رۆژنامە ئاشکرایکردووە، هەرلەسەرەتای وەرزەوە، دانوستاندن لە نێوان کارگێڕیی یانەکە و یاریزانەکان کراوە بۆ دەستنیشانکردنی بڕی پاداشتەکەیان، ئەگەر بوونە پاڵەوان، ئەوکات هەرچوار کاپتنی تیپەکە، مارکینیۆس، حەکیمی، دێمبێلێ و ڤیتینیا بەبڕی ئەو پارەیە رازیبوون کە وەک پاداشت دەیاندرێتێ.
سانجێرمان سیاسەتی یەکسان و دادپەروەری لە پاداشتەکانی چامپیۆنزلیگدا پەیڕەو دەکات و بەو پێیەش، کوینتین نگانتۆ کە لە تەنیا سێ یاریی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە بەشدارییکردووە، بەرلەوەی تووشی پێکانێکی درێژخایەن ببێت، هەمان ئەو پارەیە وەردەگرێت کە عوسمان دێمبێلێ وەری دەگرێت.
رۆژنامەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە کە هەر یاریزانێک بەپێی دەرکەوتن لە یارییەکاندا پاداشتی پێدەدرێت، بەڵام بەرزترین پاداشت، لەسەر بردنەوەی نازناوەکان دەبێت.
