رووداو دیجیتاڵ
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی ئاڕنێ سڵۆت، راهێنەری یانەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی لەم وەرزەدا یانەکە نەیتوانی هیچ نازناوێک بباتەوە.
لیڤەرپوول لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت "سڵۆت دوای ئەوەی لە حوزەیرانی 2024 پەیوەندیی بە یانەکەوە کرد، لە یەکەم وەرزیدا توانیی نازناوی 20ـەمی پرێمەرلیگ بۆ یانەکە بباتەوە و وەکو باشترین راهێنەری ساڵ دەستنیشانکرا و گەیشتە یاریی کۆتایی کاراباو و قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا".
لیڤەرپوول لەو راگەیێنراوەدا پێزانینی خۆی بۆ کارکردنی سڵۆت دووپاتدەکاتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا پێشکێشی یانەکەی کردووە و دەڵێت ""پێویست بە گوتن ناکات کە ئەمە بڕیارێکی قورس بوو بۆ ئێمە وەک یانە. ئەو بەشدارییەی ئاڕنێ لە یانەی لیڤەرپوولدا هەیبووە لەو ماوەیەی لەگەڵمان بووە، گرنگ و مانادار و لە هەمووشی گرنگتر بۆ هاندەران و بۆ خۆمان، سەرکەوتوو بوو".
رێدز لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی " پێزانینمان بۆ هەموو ئەو شتانەی بەدەستی هێناوە بێ سنوورە، بەتایبەت کە کارەکانی لەسەر بنەمای پیشەیی کارکردن، دڵسۆزی و ئاستێکی بەرزی شارەزایی بوو، کە ئەوەی بۆ دووپات کردینەوە کە ئەو سەرکردەیەکی دیارە لە بوارەکەیدا. لەو ساتەوەی بۆ یەکەمجار رووبەڕووی ئاڕنێ بووینەوە، راستەوخۆ بۆمان دەرکەوت کە ئەو کەسێکە تەنیا بەرپرسیارێتی قبوڵ ناکات، بەڵکو باوەشی بۆ دەگرێتەوە. ئەمە کاتێک دەرکەوت کە رەزامەندی دەربڕی ببێتە راهێنەری یانەکە، کاتێک بەرەو نازناوی پریمەرلیگ رێنمایی کردین و بە درێژایی ئەو وەرزەی کە تازە کۆتاییهات کە تێیدا رووبەڕووی ئاڵنگاری و بارگرانییەکی زۆر بووەوە".
دوای دوورخستنەوەی ئارنێ سڵۆت، لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکە، میدیای بەریتانیا باس لە ناوی چەند بەربژێرێک دەکات بۆ وەرگرتنی ئەو یانەیە، دیارترینیان ئۆلیڤەر گلاسنەر، ئاندۆنی ئیراولا و مارکۆ سیلڤان.
