رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە پار، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەرزبوونەوەکە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. بارانبارینی زۆر و جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ وایانکردووە لە هەندێک ناوچە ئاستی ئاو 90 مەتر بەرزببێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 01ـی حوزەیرانی 2026، کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە پارێزگای هەولێر بەهۆی هەبوونی ئەو حەوزە گەورەی باکوور، باشوور و نێوەڕاست، ئاستی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بووژانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە."
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو، ئاماری حەوزەکان بەم شێوەیەیە:
حەوزی شێراوە: قوڵییەکەی لە 21.34 مەترەوە گەیشتووەتە 18.91 مەتر (نزیکەی 4 مەتر زیادی کردووە).
حەوزی باشتەپە: لە 152 مەترەوە بووەتە 141 مەتر (11 مەتر زیادی کردووە).
حەوزی دەشتی هەولێر و ئاکرێ: بووژانەوەیەکی زۆر باشیان بەخۆوە بینیوە.
کاروان سەباح هەورامی باسی لە سیستمێکی نوێ کرد بە ناوی (سیستمی پاراوکردن) کە تێیدا ئاوی سەر زەوی بە شێوەیەکی دەستکرد دەگوازرێتەوە بۆ ژێر زەوی و دەڵێت: "8 پڕۆژەی پاراوکردنمان لە هەموو کوردستان جێبەجێ کردووە، بۆ نموونە لە تارین لای مەلائۆمەر، ئاستی ئاوی ژێر زەوی 90 مەتر زیادی کردووە، لە ئاکرێ 23 مەتر و لە چیای شەکرۆک لە هەریر 12 بۆ 13 مەتر بەراورد بە پار زیادی کردووە."
لەبارەی رێکارەکانی پاراستنی ئاو، کاروان سەباح گوتی: "گوشارێکی زۆر لەسەر ئاوی ژێر زەوی هەیە، دەبێت لێدانی بیری نایاسایی قەدەخە بکرێت یان زۆر کەمبکرێتەوە، بەهۆی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر و قوشتەپە، 1500 بیر راگیراون. هەر کەسێک بیری نایاسایی لێبدات و هەر کەسێکیش خاوەنی زەوییەکە بێت بە هەر یەکەیان بە 7 ملیۆن دینار سزا دەدرێت و دەست بەسەر ئامێرەکەیدا دەگیرێت؛ پار 500 ئامێر و ئەم ساڵ 300 ئامێر دەستیان بەسەردا گیراوە."
سلێمانی و هەڵەبجە؛ بارانبارین کۆگاکانی ئاوی لێوانڕێژ کردووە
لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، زیادبوونەکە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە رێژەی بارانبارینەوە هەیە. خومار حەمە نەجم، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "رێژەی بارانبارین لە سەنتەری سلێمانی گەیشتووەتە 1051 ملیمەتر، لە کاتێکدا پار تەنیا 335 ملیمەتر بوو."
خومار حەمە نەجم دەڵێت، "بارانبارین سەرچاوەی سەرەکیی پاراوبوونەوەی کۆگاکانی ئاوی ژێرزەویە و بەپێی پێوانەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان، ساڵانە لە نێوان 15٪ بۆ 20٪ی ئەو بارانەی دەبارێت دەچێتە کۆگاکانی ئاوی ژێرزەویەوە کۆگاکان پاراو دەکاتەوە. تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان بە بەردەوامی و لە رێگەی بیرەکانی چاودێرییەوە ئاستی ئاو لە سەرجەم کۆگاکاندا دەپێون".
پێشتر لە ساڵی 2019 كە ساڵێكی پڕ باران بوو، ئاستی ئاوی ژێر زەویی سلێمانی بەراورد بە پێش خۆی، 17 مەتر بەرزبووەوە.
بەراوردی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە کۆگاکانی سلێمانی (2025 - 2026) بە مەتر:
1- کۆگای کۆمیتان:
ئاستی ئاو لە 2025: 3 مەتر
ئاستی ئاو لە 2026: 20 مەتر
2- کۆگای تانجەرۆ:
ئاستی ئاو لە 2025: 1.5 مەتر
ئاستی ئاو لە 2026: 6 مەتر
3- کۆگای سنجار:
ئاستی ئاو لە 2025: 1.3 مەتر
ئاستی ئاو لە 2026: 17 مەتر
4- پێکهاتەی بەختیاری:
ئاستی ئاو لە 2025: 1.1 مەتر
ئاستی ئاو لە 2026: 8 مەتر
5- نیشتووی تازە (پێنجوێن):
ئاستی ئاو لە 2025: 1.2 مەتر
ئاستی ئاو لە 2026: 8 مەتر
لەبارەی پارێزگای هەڵەبجە، خومار حەمە نەجم رایگەیاند، رێژەی بارانبارین گەیشتووەتە 1099 ملم، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە تێکڕای 8 مەتر بەرزببێتەوە، لە کاتێکدا پار تەنیا 1.3 مەتر بەرزببووەوە.
بووژانەوەی بیرە وشکبووەکانی دهۆک
لە سنووری پارێزگای دهۆکیش، دۆخەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە. ئەلفرێد ئەبلحەد، سەرۆکی بەشی جیۆلۆجیی پێشکەوتووی دهۆک بە رووداوی گوت: "ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەراورد بە پار بە کۆی گشتی لە پارێزگاکەدا 7 مەتر زیادی کردووە، هەندێک شوێن بەرزترینی گەیشتووەتە 15 مەتر."
ئەلفرێد ئەبلحەد باسی لەوەش کرد، پار بەشێکی زۆری بیرەکان وشک ببوون، بەڵام ئەم ساڵ دۆخەکە باشە، بەڵام پێویستە رێگری جدی لە لێدانی بیری نایاسایی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم سامانە سرووشتییە پارێزراو بێت. هەروەها گوتی، "بەشێکی زۆری گوندەکانی دهۆک، قەزای ئاکرێ، ئامێدی، ناحیەی مانگیشک و زاوێتە سەرچاوەی ئاوی ژیانیان؛ ئاوی ژێر زەوییە".
ئاماری بیرەکانی دهۆک بەم شێوەیەیە:
کۆی بیرە یاساییەکان: 4557 بیر.
بیرە نایاساییەکان: نزیکەی 500 بیر.
دابەشبوونی بیرەکان: 2280 بیر بۆ کشتوکاڵ، 2134 بیر بۆ خواردنەوە و 143 بیر بۆ پیشەسازی بەکاردێن.
.jpg&w=3840&q=75)
