رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینەوە، وەرزی چاندنی خەیار و تەماتە لە هەرێمی کوردستان دوا کەوتووە؛ جووتیارێکی ئاوارە لە دهۆک رایدەگەیێنێت، تەنیا بۆ ئەم ساڵ بڕی 12 ملیۆن دینار زیانیان لە شەتڵدا بەرکەوتووە.
جۆنۆ عیدۆ، ئاوارەیەکی شنگالییە و ئێستا لە پارێزگای دهۆک خەریکی کاری بێستانە. ئەو لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، ئەم ساڵ لەگەڵ هاوبەشێکی کە خاوەن زەوییە، نزیکەی 50 دۆنم زەوییان تەماتە و خەیار چاندووە، بەڵام باران زیانی گەورەی پێ گەیاندوون.
جۆنۆ باس لە دواکەوتنی وەرزی چاندن دەکات و دەڵێت: "لە دەستپێکی چاندنی شەتڵەکاندا، بەهۆی بارانەوە دەستەی یەکەممان بە تەواوی لەناوچوو؛ ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە نێوان 10 بۆ 12 ملیۆن دینار زیانمان بەرکەوێت و ناچار بووین جارێکی دیکە شەتڵ بکڕینەوە و بیچێنینەوە."
ئەم جووتیارە تیشکی خستە سەر گرانیی پێداویستییەکانی کشتوکاڵ و ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا 35 ملیۆن دیناری لە بێستانەکەی خەرج کردووە. ئەو گوتی: "هەموو خەرجییەکان لە ئەستۆی خۆمانە و بەشێکی لە نووسینگە کشتوکاڵییەکان قەرز دەکەین، کەس هاوکاریمان ناکات؛ تەنانەت دەبەیەک کیمیام بە 1,750,000 دینار کڕیوە."
لە پارێزگای دهۆک، بەشێک لە ئاوارەکانی شنگال کە لە کەمپەکاندا دەمێننەوە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان وەک کرێکاری وەرزی لە بێستانەکان کار دەکەن. جۆنۆ عیدۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پڕۆژە کشتوکاڵییە بژێوی 10 خێزانی ئاوارە دابین دەکات.
بەرهەمی ئەم جووتیارانە تەنیا لە بازاڕەکانی دهۆک ساغ دەبێتەوە، ئەمەش نیگەرانیی لای ئەوان دروست کردووە. جۆنۆ باس لەوە دەکات کە ساڵی رابردوو بەهۆی هاوردەکردنی بەرهەمی ئێرانی و تورکی، زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە و گوتی: "رابردوو 15,000 سندووق تەماتەمان هەبوو، بەڵام بەهۆی هاوردەوە ناچار بووین 10 کیلۆگرام تەماتە تەنیا بە 1,000 دینار بفرۆشین، ئەمەش وای کرد 40 ملیۆن دینار زیان بکەین."
ئەم جووتیارە ئاوارەیە داوا لە حکومەت دەکات هاوئاهەنگی بکات بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوە بکرێت، تاوەکو چیدیکە رەنج و ماندووبوونیان بەهەدەر نەچێت.
جێی ئاماژەیە، وەرزی چاندنی شەتڵ لە کێڵگە کراوەکاندا بە شێوەیەکی ئاسایی لە کۆتایی مانگی ئادارەوە دەست پێ دەکات، بەڵام ئەم ساڵ پڕۆسەکە چووەتە قۆناخــێکی نوێوە و بەهۆی کەشوهەواوە دواکەوتووە. بەپێی ئامارەکانی کشتوکاڵی دهۆک، زیاتر لە 5,000 جووتیار لەو پارێزگایەدا کاری بەرهەمهێنانی تەماتە دەکەن.
