رووداو دیجیتاڵ
شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆمارکردنی زیاتر لە 1500 ملیمەتر باران، پلەی یەکەمی پڕبارانترین شارەکانی ئێرانی لەم ساڵدا بەدەستهێنا. لەسەر ئاستی پارێزگای سنەش، بڕی بارانبارین بەراورد بە ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
میدیای فەرمیی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026، بە پشتبەستن بە دوایین ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە (پایزی پار) تاوەکو ئێستا، لە مەریوان 1585.7 ملیمەتر باران باریوە؛ بەوەش ئەو شارە رێکۆردی شکاند و بووە پڕبارانترین ناوچە لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
بە گوێرەی راپۆرتی کەشناسیی پارێزگای سنە، دابەشبوونی بڕی بارانبارین لە هەموو ناوچەکان وەک یەک نەبووە و زۆرترین بڕی باران لە ناوچەکانی رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای پارێزگاکە تۆمارکراوە، بەتایبەتی لە قەزاکانی (مەریوان، سەوڵاوا و بانە).
ئامارەکان دەری دەخەن کە مەریوان لە زۆربەی ئەو شەپۆلە بارانبارینانەی لە ماوەی رابردوودا روویان لە ناوچەکە کردووە، پشکی شێری بەرکەوتووە و هەمیشە لە پێشەنگی ناوچە پڕبارانەکاندا بووە.
لەسەر ئاستی گشتیی پارێزگای سنەش، تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵ تێکڕای بارانبارین گەیشتووەتە 326.3 ملیمەتر. ئەم بڕەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 28.7 ملیمەتر زیادی کردووە، ئەوەش نیشانەی ساڵێکی تێرئاو و پڕبارانە بۆ ناوچەکە.


.png&w=3840&q=75)
