رووداو دیجیتاڵ
نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، پلانەکانی حکومەتی بۆ وەرزی دروێنە ئاشکرا کرد. پلانەکە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە، میکانیزمی کڕینی گەنم و شێوازی پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیاران لەخۆ دەگرێ.
لەو کۆبوونەوانە کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا بەڕێوەچوون، بڕیاردرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە، لە شارەکانی وەک سەرێکانی، دێریک، قامشلۆ، حەسەکە و شەدادێ، خاڵی جێگیری ئاگرکوژێنەوە دابنرێ. هەروەها تیمە گەڕۆکەکان بە جۆرێک جێگیر دەکرێن کە لە کاتی هەر رووداوێکدا، لە کەمتر لە 5 خولەکدا بگەنە شوێنی مەبەست.
سەبارەت بە کڕینی گەنم، نوورەدین ئەحمەد لە وەڵامی پرسیارەکانی نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداودا رایگەیاند، 20 ناوەندی کڕین لە پارێزگای حەسەکە ئامادە کراون و جووتیاران لەرێگەی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنییەوە ناوەکانیان تۆماردەکەن.
خاڵی سەرەکی کە پارێزگاری حەسەکە جەختی لێ کردەوە، میکانیزمی پێدانی پارەی جووتیاران بوو. بە گوتەی نوورەدین ئەحمەد، شایستە داراییەکانی جووتیاران لە دوو هەفتەدا و لە رێگەی بانکەکانی کشتوکاڵەوە دەدرێ.
دەقی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە:
رووداو: کۆبوونەوەکانتان لە دیمەشق چۆن بوون و لەگەڵ کێ کۆبوونەوە؟ ئایا ئەنجامێکی بەرچاو بەدەستهات؟
نوورەدین ئەحمەد: کۆبوونەوە سەرەکییەکە دوێنێ بوو، پلانێکی روون و ورد بۆ وەرزەکە دانرا، چ لە رووی نرخ، پلانی نائاسایی دژی ئاگرکەوتنەوە، پلانی کڕین و بازرگانی و میکانیزمی پێدانی پسووڵەکان. کۆبوونەوەکە لە سکرتاریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی وەزیرەکان، پارێزگارەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرۆکوەزیران، پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەری گەنجینە بەڕێوەچوو. هەموو پرسە پەیوەندیدارەکان بە وەرزەکەوە گفتوگۆیان لەسەر کرا. هەروەها کۆبوونەوەی دیکە سەبارەت بە هەڵبژاردن و دۆسیەی ئازادکردنی گیراوەکان لەگەڵ تیمی سەرۆکایەتی ئەنجام درا. لە رۆژانی داهاتوودا بۆ جێبەجێکردنی کردەیی، کۆبوونەوەی دیکە دەکرێن. لەگەڵ پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەری گشتیی بانکە کشتوکاڵییەکان کۆبووینەوە بۆ کاراکردنی بانکەکان تاوەکو بتوانین شایستە داراییەکانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بدەین.
رووداو: دیارترین رێکارە نائاساییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە چین؟
نوورەدین ئەحمەد: لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی باری نائاسایی، تیمی ئاگرکوژێنەوە و شارەوانییەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەردا کراوە بۆ شێوازێکی کاری هاوبەش. خاڵی جێگیری ئاگرکوژێنەوە لە پێنج ناوچەی سەرەکی دادەنرێن: سەرێکانی، دێریک، قامشلۆ، حەسەکە و شەدادێ؛ هەروەها لە ناوچەکانی وەک مەرگەدە، تلبەرەک، تربەسپی و چل ئاغا. خاڵی کاتیی گەڕۆکیش دەبن کە لە زەوییەکانەوە نزیکن و دووریی نێوان دوو خاڵ زۆرترینەکەی 10 کیلۆمەتر دەبێت. ئەگەر ئاگرێک بکەوێتەوە، لە کەمتر لە 5 خولەکدا تیمە تایبەتەکان دەگەنە شوێنەکە.
رووداو: میکانیزمی کڕینی گەنم چۆن دەبێت؟ لە حەسەکە چەند ناوەند دەبن؟ ئایا بڕێکی دیاریکراو هەیە کە لە جووتیاران بکڕدرێت؟
نوورەدین ئەحمەد: بۆ کڕینی گەنم، لە پارێزگای حەسەکە 20 ناوەند هەن و 17 ناوەندیان 90٪ ئامادەن. لە سەرێکانی 3 ناوەند دەبن کە سەر بە حەسەکە دەبن، نەک رەققە. پێش پڕۆسەی کڕین، جووتیار لەرێگەی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنییەوە سەرەی خۆیان تۆمار دەکات.
رووداو: کەی و بە چ میکانیزمێک شایستە داراییەکانی جووتیاران دەدرێت؟
نوورەدین ئەحمەد: لەرێگەی بانکە کشتوکاڵییەکانەوە دەبێت. هەوڵ دەدەین لە دوو هەفتەدا هەندێک خاڵی خێرا چالاک بکەین تاوەکو جووتیار بتوانێت پارەی پسووڵەکەی وەربگرێت، نەک لەرێگەی Sham Cashـەوە.
