رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت دابەزی دوای ئەوەی رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان، هیوای بازرگانانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەرفراوانتر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەرزکردەوە.
هاوکات، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیارێکی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی جەنگی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەسند کرد.
نرخی نەوتی برێنت 67 سەنت دابەزی و گەیشتنە 97.14 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکی 62 سەنت دابەزی بۆ 95.4 دۆلار.
هەر دوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس رۆژی چوارشەممە نزیکەی 2% بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی، دوای پەرەسەندنەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کوێت و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا لە نزیک تەنگەی هورمز.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەنجوومەنی نوێنەران کە کۆمارییەکان تێیدا باڵادەستن، رۆژی چوارشەممە بڕیارێکیان بۆ رێگریکردن لە بەردەوامبوونی ترەمپ لە جەنگ دژی ئێران پەسندکرد.
بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی پیران و زۆرینەی دوو لەسەر سێی هەردوو ئەنجوومەنەکە هەیە تاوەکو بتوانن ڤیتۆی چاوەڕوانکراوی ترەمپ پووچەڵ بکەنەوە.
ترەمپ رۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا پێشکەوتن لە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێراندا بەدی بێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ واشنتن نەپچڕاون، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لە دانوستانەکاندا بەدی نەهاتووە و ئاماژەی بەوەش کرد هەردوولا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەو دەقانەی لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ کراون.
لەلایەکی دیکەوە، کارگێڕی زانیاریی وزەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا 8 ملیۆن بەرمیل کەمیان کردووە و گەیشتوونەتە 433.7 ملیۆن بەرمیل لە هەفتەی رابردوودا، ئەمەش لە کاتێکدایە شرۆڤەکاران پێشبینی کەمبوونەوەی تەنها 4 ملیۆن بەرمیلیان کردبوو.
.jpg&w=3840&q=75)


