رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری زیادکردنی رێژەی گومرگ و باجی لەسەر هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل دەرکرد. وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئامانجی بڕیارەکە "هاوسەنگکردنەوەی بازاڕ"ـە کە بەهۆی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران لاسەنگ ببوو.
بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ کە لە 03-06-2026ـی ئامادەکراوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەتووە، تێیدا هاتووە، کە وەزیری دارایی رەزامەندی داوە لەسەر زیادکردنی رێژەی گومرگی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلەکان بە مەبەستی زیادکردنی داهات بەمشێوەیە:
بەپێی نووسراوەکە، ئەو ئۆتۆمبێلە ژمارە کاتییانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ تۆمار نەکراون، رێژەی گومرگەکەیان لە 2%ـەوە بۆ 8%ـی بەهای ئۆتۆمبێلەکە بەرزکرایەوە.
هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ تۆمار کراون، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان رێژەی وەرگیرانی رەسمی گومرگ لە 2٪ـەوە بکرێتە 5٪ لە بەهای ئۆتۆمبێلەکە لە پێناسەی گومرگی.
لەبارەی ئۆتۆمبێلانەی کە هەناردە دەکرێنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، رێژەی باجەکە لە ٪0.075ـەوە بکرێت بە 0.75٪، لە بەهای ئۆتۆمبێل لە پێناسەی گومرگی.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی، گومرگ و لایەنی پەیوەندیدار لە ماوەی رابردوو، بە مەبەستی زیادکردنی رێژەی باج بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دەنێردرێنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و لەوێ دەفرۆشرێن کۆبوونەتەوە."
بە گوتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ دەرەوە، بەتایبەتی بۆ ئێران، نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و گوتیشی: "ئەم بڕیارە بۆ رێکخستنەوەی بازاڕ و هاوسەنگکردنەوەی نرخە".
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتی: "پار لە عێراقیش رێژەی باج لەسەر هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل زیاد کرا، بەڵام رێژەی ئەوان زۆر زیاتر بوو و تاوەکو ئێستاش جێبەجێ دەکرێت".
بەپێی نووسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، بڕیارە ئەم رێکارە نوێیانە لە رۆژی 04-06-2026ـەوە واتا ئەمڕۆ لە تەواوی دەروازە گومرگییەکان جێبەجێ بکرێن.



