رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا بازرگانان هیوادارن ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتن نزیک ببنەوە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، نرخی نەوتی برێنت گەورەترین دابەزینی مانگانەی خۆی لە ماوەی 6 ساڵدا تۆمار کرد.
لە مانگی ئایاردا نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە 19% دابەزی، کە گەورەترین دابەزینی مانگانەیە لە دوای ئاداری 2020ـەوە، کاتێک پەتای کۆرۆنا (کۆڤید-19) ئابووریی جیهانی پەکخستبوو. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا لە مانگی ئایاردا نزیکەی 17% دابەزی، کە گەورەترین دابەزین بووە لە دوای نیسانی 2025ـەوە.
نرخەکانی نەوت رۆژی هەینی دابەزین دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە لە (سیچوەیشن رووم) یان ژووری بریاردان لە بارودۆخە نائاساییەکان لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ ئێران. نەوتی سووکی تەکساس 1.73%ی نرخەکەی لەدەستدا و بە 87.36 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داخرا، لە کاتێکدا نەوتی برێنت 1.77% دابەزی و بە 92.05 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دۆناڵد ترەمپ کۆمەڵێک داواکاری خستووەتەڕوو کە ئێران لە رابردوودا رەتیکردبوونەوە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە تاران رازی بێت کە هەرگیز نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆمیی و دەبێت دەستبەجێ تەنگەی هورمز بە رووی هاتوچۆی دەریاییدا بەبێ وەرگرتنی باج بکاتەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت ئێران رازی بێت رێگە بە ئەمریکا بدات و ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی کە لە ژێر داروپەردووی هێرشەکانی ساڵی رابردووی ئەمریکا و ئیسرائیلدا نێژراوە، دەربهێنێت و لەناوی ببات.
