رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رۆژی هەینی بۆ دووەم رۆژی یەک لە دوای یەک بەرزبووەوە.
گەشبینی بە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران نرخی زێڕی لە دوو رۆژی رابردوودا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە دوایین مامەڵەکانی رۆژی هەینی بە ڕێژەی نزیکەی 0.7% بەرزبووەوە و بە 4539 دۆلار داخرا.
رۆژی پێنجشەممە نرخی زێڕ تاوەکو 4365 دۆلاریش دابەزی، بەڵام دوای راگەیاندنی ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا بەرزبووەوە.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی هەشت دا بە 4550 دۆلار داخرا.
بەپێی چەندین سەرچاوە، رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کردنەوەی تەنگەی هورمز و درێژە پێدانی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 رۆژ لەخۆ دەگرێت.
هەرچەندە پێشبینی دەکرا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنەکە دوێنێ شەو واژۆ بکات، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە بەمزووانە لەسەر رێککەوتنەکە بریار دەدات.
میدیای ئێرانیش رایگەیاندووە کە هێشتا وردەکاریی رێککەوتنەکە یەکلایی نەبووەتەوە.
فلیپ ستریبڵ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (بلولاین فیوچەرز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی نرخی نەوت و دۆلاری ئەمریکی هاندەر بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێر."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "سەرەرای بەرزبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی نرخی زێڕ، بەڵام هێشتا بەربەست لە بەردەم بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ هەیە بەهۆی بەرزیی رێژەی سوودی بانکی و پێشبینییەکان بۆ مانەوەی رێژەی سوودی بانکی بۆ ماوەیەکی درێژتر."
