رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی تووند ئاراستەی ئەمریکا دەکات و رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لەمەودوا وەڵامی هەر هێرشێکی مووشەکی بە 20 هێندە دەداتەوە. دەشڵێ: "بابەتی ئەتۆمی و کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز مافی حاشاهەڵنەگری ئێرانن و سازشیان لەسەر ناکەین."
رۆژی پێنجشەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، حەمیدڕەزا حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری کرمان رایگەیاند: "بە راشکاوی رامانگەیاندووە کە لەمەودوا هەر مووشەکێک ئاراستەی ئێران بکرێت، بە 20 مووشەک وەڵامی دەدەینەوە."
حاجی بابایی لە گوتارەکەیدا جەختی لە پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "وزەی ئەتۆم و یۆرانیۆمی پیتێنراو بابەتی دانوستاندن نین و سازشیان لەسەر ناکرێت، چونکە ئەمە مافی گەلە. هەروەها کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمزیش بە تەواوی مافی ئێرانە و هیچ گومانێکی تێدا نییە."
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان خوازیاری شەڕ نین و دەیانەوێت خەڵک لە شکۆمەندیدا بژین، بەڵام گوتی: "بۆ پاراستنی ئەو ژیانە، دەبێت شەڕی ئەمریکا بکەین و کۆتایی بە بوونیان لە ناوچەکە بهێنین."
حەمیدڕەزا حاجی بابایی ئاماژەی بە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد (کە لە سەرەتای جەنگەکەدا لە تاران کوژرا) و رایگەیاند: "پێویستە مووشەکی وا دروست بکەین کە بتوانێت راستەوخۆ بکوژانی ئیمامەکەمان بنێرێتە دۆزەخ."
ئەو بەرپرسە ئێرانییە باسی لەوەش کرد کە ئێران دوای "جەنگی 40 رۆژە" بەهێزتر بووە و وەک نموونە ئاماژەی بە پاشەکشەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد لە هێرشکردنە سەر زاحیەی بەیرووت، دوای ئەوەی ئێران هەڕەشەی داخستنی بابولمەندەبی کردبوو.
ئەم لێدوانانەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتووەتە لووتکە. سوپای ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین پێگەی سەربازیی لە نێو خاکی ئێران بۆردوومان کردووە و گەمارۆی دەریایی سەر وڵاتەکەی توندتر کردووە.
لە بەرامبەریشدا، هێزە چەکدارەکانی ئێران چەندین ناوەندی سەربازیی ئەمریکایان لە وڵاتانی کوێت، بەحرێن و ئیمارات کردووەتە ئامانج، ئەمەش ترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەریی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.



.jpg&w=3840&q=75)