رووداو دیجیتاڵ
موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماریی ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی دەستبەکاربوونی پەرلەمانی ئێران، داوا لە لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی پەرلەمان دەکات، ناکۆکییە سیاسییەکانیان وەلابنێن و جەخت لە پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی دەکاتەوە وەکو فاکتەرێکی سەرەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوشارە دەرەکییەکان.
لە پەیامەکەی موجتەبا خامنەییدا، کە رۆژی پێنجشەممە میدیاکانی ئێران بە تێکست بڵاویانکردەوە، هاتووە، "نەخشەی داهاتووی نەیارانی ئێران لە دوای شەڕ و گوشارە ئابوورییەکان، دروستکردنی دووبەرەکی و پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگەیە، بۆیە پێویستە هێزە سیاسییەکان رێگری لە گۆڕانی جیاوازییەکان بۆ ململانێ و تووندوتیژی بکەن."
رێبەری کۆماریی ئیسلامیی ئێران داوای لە پەرلەمان کرد، لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریدا، ستراتیژیەتی ئابووریی خۆڕاگری لە سایەی یەکڕیزی و ئاسایشی نیشتمانی بۆ ئەم ساڵ بکەنە کارنامەی سەرەکییان.
خامنەیی هەروەها داوا دەکات لە ستراتیژییەکەدا چارەسەری دۆخی پاش شەڕ کاری لەپێشینە بێت و دەڵێت؛ پێویستە بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدان هەموار بکرێتەوە و بڕگەکانی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی زیانەکانی جەنگی تێدا بگونجێنرێت.
بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدان ستراتیژی و نەخشەڕێگەی پێنج ساڵەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لەلایەن حکومەتەوە داڕێژراوە و رەوانەی پەرلەمان کراوە بۆ پەسندکردن.
هاوکات رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران داوای سەقامگیریی ناوخۆیی دەکات و دەڵێت، پێویستە سەرنج بدرێتە سەر کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان، بەرزکردنەوەی بەهای دراو و چارەسەرکردنی بژێوی خەڵک.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موجتەبا خامنەیی ئاماژە بە دیپلۆماسی و یەکڕیزی نیشتمانی لە وڵاتەکەی دەدات و رایدەگەیەنێت؛ پێویستە دیپلۆماسیی پەرلەمانی پێشبخرێت و بەرژەوەندیی نیشتمانی بخرێتە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی و ناوچەیی بە جۆرێک کە هەمووان هەڵوێستی روونیان لە بەرامبەر هێزە دەرەکییەکاندا هەبێت.
