دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دڵەڕاوکێیەکی تەواودا دەژی لە چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بەم جەگەی کە بە ئارەزووی خۆی بەرپای کرد لەگەڵ ئێران دا، هیچ کەس گومانی نییە لەوەی لەڕووی سەربازییەوە ئەمریکا ئازاری زۆری ئێرانی دا، بەڵام لەڕووی بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییە راگەیێندراوەکانەوە هیچ کامیانی بەدەست نەهێنا، وەک دەڵێ لەگەڵ ئەوەشدا پلانی (ب، ج و د)ی نەبوو، بۆیە ئێستا لە قوڵایی قەیرانێکدایە بە تێپەڕبوونی کات ئاڵۆزتر دەبێت، کەوتووەتە نێوان بەرداشی سەرکەوتن و شکۆی کەسێتی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ناڕەحەتیی ئابووری جیهانی و دۆخی بیرلێنەکراوەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو، لە سەرووی هەموویانەوە گرێی دەروونیی رێکەوتنەکەی ئۆبامای ساڵی 2015 لەگەڵ ئێرانییەکان. ترەمپ بە خراپترین رێکەوتنی مێژووی ئەمریکا ناویبرد و لە 2018 تاکلایەنە هەڵیوەشاندەوە، بڕیاری دا رێکەوتنی باشتر لە ئۆباما بکات، بەڵام ئێستا تا نووسینی ئەم بابەتە توانای شکاندنی ئێرانییەکانی نییە.
نوێترین گرفتی ترەمپ، ئەو رەشنووسەی رێککەوتن بوو رۆژی شەممە کە ئێرانییەکان بە ئامادەبوونی عاسم مونیر، سوپا سالاری پاکستان و وەزیری دەرەوەی قەتەر قبووڵیان کرد، ترەمپ لە سەرووبەندی قبووڵکردنی بوو، بەڵام روبەڕووی هێرشێکی تووندی سەخت بووەوە و لەلایەن هەڵۆ و تووندڕۆ کۆمارییەکان، وەزیری دەرەوەی پێشوو، لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریی راستڕۆ و زۆرینەی بزووتنەوەی (ماگا)، تاوانبار کرا بەوەی ئەو رەشنووسەی دەیەوێت واژۆی لەسەر بکات، لە رێککەوتنەکەی ئۆباما خراپترە.
بۆیە بەرگەی نەگرت و ترسی باجدانی قورسی لێنیشت، لە چرکەساتی رێکەوتن رووی وەرگێڕا بۆ مراندنی رێککەوتن، پاشان دەستی کردەوە بە فوکردنەخۆ لە رێگەی کورتە لێدوان و نووسینی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوو هەنگاوی گرتە بەر کە دەمانەوێت لێرەدا باسی بکەین:
یەکەمیان: گەرمکردنی بەرەی لوبنان و تووندکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل، نەریتی ئەمریکییەکان وایە کاتێک دەیانەوێ رێکەوتنێک دژ بە ویست و ئارەزوەکانی ئیسرائیل بکەن، لە شوێنێکی دیکەوە قەرەبوویان بۆ دەکەنەوە، واتە دەستیان واڵا دەکەن، بۆ رازیکردن و بێدەنگکردنی گرووپەکانی لۆبیی ئیسرائیل لەنێویاندا (ئیپاک)، ئەم پەرەسەندنەی جەنگ کە چەند رۆژێکە لە باشووری لوبنان دەبینرێت رێککەوتنی نێوان ترمپ و نەتنیاهووە بۆ دوو مەبەست:
• تێرکردنی گیانی تۆڵەسەندنەوەی نەتنیاهوو و، شکاندنی تینوێتیی ئەو بۆ خواردنەوەی خوێنی لوبنانییەکان.
• پێشڕەویکردنی سوپای ئیسرائیل بۆ قوڵایی خاکی لوبنان و داگیرکردنی پانتاییەکی زیاتری زەوی، زیاتر لەو سنوورەی پێشتر بە هێڵی زەرد دانرابوو وەک سنووری پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، تێپەڕاندنی ئەو سنوورە و رووباری لیتانیش، کە ئیسرائیل ئەو دوو ئامانجەی بەدەستهێنا، ئەو کاتە ئەگەر جەنگیش رابووەستێت وەک بڕگەیەکی رێککەوتنامەی نێوان تاران و واشنتن، ئیسرائیل لەو خاکە زۆرەی کە سوپاکەی داگیری کردووە ناکشێتەوە، کشانەوەی دەکات بە مەرجێک لە واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل و داننانی فەرمی لوبنان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا. هەموو ئەم داگیرکردن و کوشتن و بڕین و کاولکردن و پاکتاوکردنە بۆ ئەو ئامانجەیە، بەڵام بە بیانووی دوورخستنەوەی تیرۆر لە باکووری ئیسرائیل. بەوەش دۆسیەی لوبنان لە چنگی ئێران دەردەهێنێت و سەری دەوڵەتی لوبنانی لە بەردەم ئیسرائیلدا پێ شۆڕ دەکات.
دووەمیشیان: بەکارهێنانی ناوبەناوی هێز لە تەنگەی هورمز، لە رۆژانی رابردوودا چەند جارێک هێزەکانی ئەمریکا و سوپای پاسداران مووشەک و درۆنیان گرتە یەکدی، ئەمریکا دەستپێشخەر بوو، وەک ئاگادارییەک بۆ ئێران کە بەکارهێنانی هێز و بەزۆر کردنەوەی تەنگەی هورمز لە بژاردەکانمانە، هەروەها بۆ تێکشکاندنی ئەو بەلەمانەی سوپای پاسداران لە ئەشکەوتەکانی کەناراوی بەندەر عەباس و نزیک تەنگەی هورمز حەشاری داون، واتە ئەمریکا دەیەوێت ئەگەر لە توانایدا بێت لە رێگای هێزەوە ئەو رێگا داخراوە بەڕووی کەشتییەکاندا بکاتەوە.
تەنگەی هورمز کاریگەرترین چەکێکە لەکاتی جەنگدا دەستی کەوت، وەک ئاماژەیەک بۆ گرنگییەکەی؛ دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا گوتی: ئێران چەکی ئەتۆمی خۆی دەستەکەوتووە و بەکاریشی هێنا.
تەنانەت هەندێک لە نووسەر و ئەکادیمیستە عەرەبەکانی کەنداو دەڵێن، ئێگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنایە زەرەرەکەی لە داخستنی تەنگەی هورمز کەمتر دەبوو، کلیلی باڵادەستی ئەمریکا لە دانوستاندنەکاندا بریتی دەبێت لە کردنەوەی تەنگەی هورمز، کردنەوەی ئەو رێگەیە بێ هیچ دەستبەردارییەک بۆ ئێران، دەیەوێت هورمز بکرێتەوە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران لە دەریای عەرەب.. ئەمریکییەکان پێیان وایە ئەگەر ئەم هەنگاوەیان سەری گرت، ئەوا تەواو بەهێز و زاڵ دەبن بەسەر ئێراندا، هەرچۆن بیانەوێت بەو جۆرە رێچکەی دانوستاندن دیاری دەکەن.. ئەو کاتەش ترەمپ هیچکام لە داواکارییەکانی ئێران جێبەجێ ناکات بە ویست و میزاج و ئارەزووی خۆی نەبێت، بەوەش لە فشاری کۆمارییەکان دەربازی دەبێت و ترسی دەنگۆی دۆڕاندنی جەنگی لەگەڵ ئێران نامێنێت.
ئەم دوو ئامانجەی سەرەوە هۆکاری راستەوخۆی خاوبوونەوەی جۆش و خرۆشی ترەمپ بوو لە قبووڵکردنی رێککەوتنەکە بۆ بێدەنگکردنی وڵاتە عەرەبییەکان کە بەردەوام داخوازیی وەستانی جەنگ و رێککەوتنن، مەرجی قبووڵکردنی رێککەوتنامەی ئەبراهامی فڕێدایە سەر مێزەکانیان، نەک وەک داواکردن، بەڵکو وەک فەرمانکردن پێیان.
ئەگەر ئەم دوو خاڵە بەرجەستە نەبن لەسەر زەوی، بەتایبەت خاڵی دووەم، ئەوە ترەمپ لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یان بەرپاکردنەوەی جەنگ، کە زۆر قورس دەبێت، یان دەستبەرداری هەندێ لە مەرجەکانی ببێت و وەڵامی داواکاریی ئێران بۆ وەستانی یەکجارەکیی جەنگ و ئازادکردنی رێژەیەک لە پارەی بلۆککراوی ئێران، پاشان گرتنەبەری رێگای وتوێژێکی درێژ لەسەر پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێران و هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووری سەر ئێران بدات.
