"ئەگەر بڕیارەکە بۆ من جێبهێڵدرێت کە ئایا دەبێت حکومەتێکمان هەبێت بەبێ رۆژنامە، یان رۆژنامەمان هەبێت بەبێ حکومەت، بەبێ هیچ دوودڵییەک دووەمیان هەڵدەبژێرم."
– تۆماس جێفرسن، فەیلەسووفی سیاسی و سێیەم سەرۆکی ئەمریکا
زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر، تۆماس جێفرسن بیرۆکەیەکی خستەڕوو کە ئەمڕۆش هێندەی ئەو کاتە گرنگ و راستە: بەبێ میدیایەکی ئازاد و سەربەخۆ، کۆمەڵگەیەکی ئازاد ناتوانێت هەبێت. دیموکراسی تەنیا پشت بە هەڵبژاردن، پەرلەمان، یان دامەزراوەکانی دەوڵەت نابەستێت. بەڵکو پشت بە هاووڵاتیانی هۆشیار دەبەستێت کە زانیاری باوەڕپێکراویان دەست بکەوێت و بەوهۆیەوە بتوانن بەشێوەیەکی رەخنەگرانە و بەرپرسیارانە هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بکەن.
لە قۆناخێکدا کە زانیاریی چەواشەکارانە، جەمسەرگیریی سیاسی و فریودانی دیجیتاڵی لە سەرانسەری جیهان دا بڵاودەبنەوە، هەبوونی رۆژنامەگەریی متمانەپێکراو ئێستا لە هەر کاتێکی دیکە گرنگترە. رۆژنامەگەریی متمانەپێکراو یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی تەبایی کۆمەڵایەتی، سەقامگیریی دیموکراسی و گفتوگۆی هۆشیارانەی رای گشتی.
بۆ گەلی کورد، ئەم تێڕوانینە گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
مێژووی میدیای کوردی بە ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان تەلەڤزیۆنی سەتەلایت دەستی پێنەکردووە. هەر لە ساڵی 1898، یەکەمین رۆژنامەی کوردی بە ناوی (کوردستان) لەلایەن میقداد میدحەت بەدرخانەوە لە تاراوگە لە قاهیرە بڵاوکرایەوە. ئەوە زۆر زیاتر بوو لە پڕۆژەیەکی رۆژنامەڤانی. ئەوە رەنگدانەوەی ئارەزوویەک بوو بۆ پەروەردە، پاراستنی کولتوور و رۆشنگەریی گشتی.
لە دەیەکانی دواتردا، چەندین رۆژنامە و گۆڤاری کوردی دەرکەوتن. بڵاوکراوەکانی وەک هاوار، رۆناهی، ژین، دەنگی کوردستان، رۆژی کورد، رادیۆی یەریڤان و ..هتد، بوونە سەکۆیەکی گرنگ بۆ زمان، وێژە، زانست و گفتوگۆی رای گشتی. زۆربەیان لەژێر هەلومەرجی سەختی سیاسی دا دەرکەوتن. هەندێکیان قەدەخە کران. هەندێکی دیکەشیان سەرنووسەرەکانیان رووبەڕووی چەوساندنەوە بوونەوە یان دەربەدەر بوون و ناچاربوون وڵات جێبهێڵن. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموویان باوەڕێکی هاوبەشیان هەبوو: زانین هۆشیاری دروست دەکات، هۆشیاریش کۆمەڵگە بەهێز دەکات.
دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی مەد تیڤی (Med TV) لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا، لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی میدیای کوردی دا هەڵدایەوە. بۆ یەکەمین جار، ملیۆنان کورد لەمدیو و ئەودیوی سنووری وڵاتانەوە توانییان بە زمانی خۆیان دەستیان بگاتە زانیاری. ئاسۆیەکی هاوبەش بۆ رای گشتی بە زمانی کوردی دەستی بە دەرکەوتن کرد. ئیدی میدیا بووە شتێک کە زیاتر بوو لەوەی تەنیا سەرچاوەیەکی هەواڵ بێت؛ بووە ئامرازێک بۆ ناسنامەی کولتووری، دیالۆگی گشتی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی.
رووداو لەنێو ئەم رەوتە مێژووییەدا جێی گرتووە و لە هەمان کاتیشدا، رۆژنامەگەریی کوردیی بردووەتە سەردەمێکی نوێوە.
لە ماوەی تەنیا 13 ساڵ دا، رووداو بووەتە یەکێک لە کاریگەرترین تۆڕە میدیاییەکانی ناوچەکە. رووداو وەک پڕۆژەیەکی گەورە و پڕ هیوا دەستیپێکرد، ئێستا بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی زانیاری بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری هەموو بەشەکانی کوردستان. دامەزراوە میدیاییە نێودەوڵەتییەکانی وەک CNN، BBC، رۆیتەرز، ئەسۆشیەیتد پرێس و زۆری دیکە، بەردەوام پشت بە رووماڵ و زانیارییەکانی رووداو دەبەستن. ئەم نێوبانگ و رێزە، بە دیاری پێینەدراوە، بەڵکو بە کارکردنی پیشەییانە، بە بەدەستهێنانی متمانە، بە کۆڵنەدان بەدەست هێنراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگیی رووداو هێندە گەورەیە کە مەودای پەیامەکەی و سەرکەوتنەکانیشی تێدەپەڕێنێت.
لە رێگەی بنامە پیشەیییەکانییەوە، رووداو بووەتە پێوەر و تەرازوو بۆ تەواوی گۆڕەپانی میدیایی لە کوردستان. هەر دامەزراوەیەکی میدیایی بەهێز، کۆمەڵێک بنەما دادەنێت کە بۆ ئەوانی دیکە دەبێتە هەڤڕکییەک بۆ ئەوەی ئەوانیش خۆیان بەرەو پێش ببەن. ئەمەش هاندەرە بۆ رووماڵی وردتر، سەربەخۆیی زیاتر و پابەندبوونێکی بەهێزتر بۆ نیشاندانی فرەڕەنگیی کۆمەڵگە.
هەبوونی ئاسۆییەکی گشتیی دیموکراسیانە، بە هەبوونی یەک دەنگ بەرهەم نایێت، بەڵکو بە هەبوونی فرەدەنگییەکی جێی متمانە بەدەست دێت. بۆیە فرەڕەنگی میدیایی هەڕەشە نییە بۆ سەر رۆژنامەڤانییەکی سەرکەوتوو، بەڵکو یەکێکە لە تەواوکەرە پێویستەکانی. تێڕوانینە رۆژنامەڤانییە جیاوازەکان، بۆچوونە سیاسییەکان و هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان، گفتوگۆی نێو رای گشتی بەهێزتر دەکەن و دەبنە هاندەر بۆ پێگەیشتنی دیموکراسییانەی کۆمەڵگە.
رەوش و فرەڕەنگیی میدیا، پێوەری گرنگن بۆ هەڵسەنگاندنی کوالێتیی هەر دیموکراسییەک. میدیا، تاوەکو رادەیەکی زۆر، هەوێنی زانیاریی هاووڵاتیان و رای گشتییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، زۆر پێویستە ئازادیی رۆژنامەگەری بپارێزرێت، روونکاریی لە دامەزراوە و پێگە میدیاییەکاندا هەبێت، هەلومەرج بۆ رۆژنامەڤانان بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی دادپەروەرانە و بە سەلامەتی بتوانن کاری خۆیان بکەن و بەرەنگاری ئەو پڕوپاگەندە، دەستەمۆ سیاسی و گەندەڵییە ببنەوە کە لەنێو کەرتی راگەیاندن دا هەن.
لە هەمان کاتدا، نابێت لەبیرمان بچێتەوە کە دامەزراوە میدیاییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق لە ژێر چ هەلومەرجێکدا کار دەکەن. ناوچەکە هێشتا زۆر دوورە لە بەدەستهێنانی ئازادیی تەواوی رۆژنامەگەری. زۆرجار رۆژنامەڤانان لەژێر گوشاری سیاسی، ئابووری، یان ئایدۆلۆژی دا کار دەکەن. تۆقاندن، کۆتوبەندە یاساییەکان، دەستوەردانی سیاسی، نەبوونی سەربەخۆیی دارایی و هەڕەشە ئەمنییەکان، هێشتا بەشێکن لە دۆخی رۆژانەی زۆر لە پیشەکارانی بواری راگەیاندن.
کوردستانیش لەم ئاڵنگارییانە پارێزراو نییە. گۆڕەپانی میدیایی لەم دواییانەدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا زۆر لە دەزگاکان رووبەڕووی گوشاری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە. رۆژنامەگەریی سەربەخۆ هێشتا ئامانجی خەباتێکی رۆژانەیە نەک دۆخێکی چەسپاو.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو راستییانە، کاری رووداو هێندەی دیکە گرنگتر دەبێت. بەهای راستەقینەی ئازادیی رۆژنامەگەری لە کاتی هەبوونی رەزامەندی و دەستخۆشیلێکردندا دەرناکەوێت، بەڵکو لە کاتی هەبوونی گوشاردا. ئازادیی رۆژنامەگەری ئەو کاتە خۆی دەسەلمێنێت کە رۆژنامەڤانان سەرەڕای رێگری و رەخنەکان، بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون، خستنەڕووی بۆچوونی جیاواز و فەراهەمکردنی بوار بۆ گفتوگۆی رای گشتی. رووداو خۆی چەندین جار رووبەڕووی گوشاری سیاسی، رەخنەی گشتی، ئاڵنگاریی ئابووری و جەمسەرگیریی کۆمەڵایەتی بووەتەوە. هەر بۆیە، پابەندبوونی بە بنەما پیشەیییەکان، رووماڵی بابەتییانە و سەربەخۆیی نووسەرەکانی، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە خەباتی ئازادیی راگەیاندن دا، هەرگیز بردنەوەی تەواو نییە؛ بەڵکو دەبێت هەر نەوەیەک سەرلەنوێ بەرگریی لێ بکات. ئەم خەباتە تەنیا دژی دەستوەردانی دەوڵەت نییە، بەڵکو دژی جەمسەرگیرییە، دژی پڕوپاگەندەیە، دژی پاشکۆیەتیی ئابوورییە و دژی ئەو انەشە کە هەوڵدەدەن میدیا بگۆڕن بۆ ئامرازێکی سیاسی. لە ناوچەیەکدا کە گیرۆدەی ململانێ، نادڵنیایی و بەرژەوەندییە دژبەیەکەکانە، رۆژنامەگەریی سەربەخۆ زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری، گفتوگۆ و گەشەسەندنی دیموکراسییانە.
کۆمەڵگەیەکی ئازاد پێویستی بە میدیای سەربەخۆیە، بەڵام پێویستی بە رایەکی گشتیی هۆشیاریش هەیە کە ئامادەبێت تێڕوانینە جیاوازەکان قبووڵ بکات و بەشێوەیەکی رەخنەگرانە بیربکاتەوە. دیموکراسی تەنیا لە دامەزراوەکانەوە سەرهەڵنادات. بەڵکو لەو شوێنەدا گەشە دەکات کە خەڵک دەستیان دەگاتە زانین، دەتوانن بۆچوونی خۆیان وێنا بکەن و لەسەر بنەمای زانیاریی باوەڕپێکراو بەشداری لە ژیانی گشتی دا بکەن.
لەم سۆنگەیەوە، سەرکەوتنی رووداو تەنیا سەرکەوتنی دامەزراوەیەکی میدیایی نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی ئارەزووی گەشەسەندووی نێو کۆمەڵگەی کوردییە بۆ بەدەستهێنانی رۆژنامەگەریی پیشەیی، فرەڕەنگیی میدیایی و گفتوگۆی گشتیی دیموکراسییانە.
متمانە، بەنرخترین سەرمایەی کۆمەڵگەی مۆدێرنە
خەڵک پێویستیان بە رێنوێنییە. پێویستیان بەوەیە لە پێشهاتە سیاسییەکان تێبگەن، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لێکبدەنەوە و لەسەر بنەمای زانیاریی باوەڕپێکراو بڕیار بدەن. کاتێک متمانە بە زانیاری نامێنێت، نادڵنیایی، دەنگۆ و گرژییە کۆمەڵایەتییەکان گەشە دەکەن. بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە لە سەرانسەری جیهان، نیشانیدەدات کە راستییەکان چەندە بەخێرایی دەتوانرێت جێگەیان بە سۆز، بیردۆزەکانی پیلانگێڕی و بەرژەوەندییە سیاسییەکان پڕبکرێتەوە.
هەر لەبەر ئەمەیە کە میدیا زۆر زیاترە لەوەی تەنیا کاری بەرهەمهێنانی هەواڵ بێت.
دەزگا میدیاییەکان دامەزراوەی پەروەردەیین. هاندەری بیرکردنەوەی رەخنەگرانەن. ئاسۆی گشتی بۆ گفتوگۆ دروست دەکەن. رێگە بۆ بەشداربوونی هاووڵاتی لە کایەی کۆمەڵایەتی دا خۆش دەکەن. کولتووری دیموکراسی بەهێز دەکەن. هەروەها ئەو رێنوێنییە دەدەنە خەڵک کە بۆ تێگەیشتن لەم جیهانە پڕ لە ئاڵۆزییە پێویستیانە. بۆ کۆمەڵگەی کوردی، میدیا رۆڵێکی دیکەشی هەیە. بۆ چەندین نەوە، کورد لەژێر سیستەمی سیاسیی جیاواز، فۆرمی جیاوازی حکومڕانی و زۆرجاریش ئاراستەی نەتەوەیی ناکۆکدا ژیاوە. هەر بۆیە میدیا وەکو پردێک لەنێوان ناوچە، نەوە و کۆمەڵگەکان دا رۆڵی گێڕاوە.
لە 13 ساڵی رابردوودا، رووداو رۆڵێکی گرنگی لە دروستکردنی ئەم پردانەدا گێڕاوە. رووداوە سیاسییەکانی بەدۆکیۆمێنت کردووە، ئاسانکاریی بۆ گفتوگۆی نێو کۆمەڵگە کردووە و زانیاریی بۆ ملیۆنان کەس دەستبەر کردووە. بەم کارەش، یارمەتیدەر بووە لە دروستکردنی رایەکی گشتیی هۆشیارتر و کۆمەڵگەیەکی بڕوابەخۆبووتر.
ئەم دەستکەوتەش بێ باج نەبوونە.
رۆژنامەڤانانی رووداو لە بەرەکانی جەنگ، کەمپی ئاوارەکان، ناوچەکانی ململانێ و قەیرانە مرۆییەکانەوە رووماڵیان کردووە. هەندێکیان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە پیشەیییەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە. قوربانیدانەکەیان ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئازادیی رۆژنامەگەری هەرگیز مسۆگەرکراو نییە، بەڵکو دەبێت هەموو رۆژێک بەرگریی لێبکرێت. زۆرجار لەژێر هەلومەرجێکدا کە پێویستی بە بوێری، دەستپاکیی پیشەیی و دڵسۆزی هەیە. بۆیە چیرۆکی رووداو، گەورەترە لەوەی تەنیا چیرۆکی دامەزراوەیەکی میدیایی بێت. لە هەمان کاتدا چیرۆکی کۆمەڵگەیەکە کە بەدوای زانین، بەرچاوڕوونی، شکۆمەندی و مافی چارەی خۆنووسین دا دەگەڕێت.
پەروەردە، دیموکراسی و ئازادیی میدیا، لێکدانەبڕاون. کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی پێویستی بە هاووڵاتیی هۆشیارە. هاووڵاتیی هۆشیاریش پێویستی بە زانیاریی باوەڕپێکراوە. زانیاریی باوەڕپێکراویش لەسەر میدیای سەربەخۆ وەستاوە. ئاڵنگارییەکانی داهاتوو گەورەن. ژیریی دەستکرد، چەواشەکاریی دیجیتاڵی و ئەو زانیارییانەی بە لۆگاریتم رێکدەخرێن، شێوازی وەرگرتنی هەواڵ لەلایەن خەڵکەوە دەگۆڕن. زانیاری لە جاران خێراتر بڵاودەبێتەوە، لەکاتێکدا توانای پشتڕاستکردنەوەی راستییەکان زیاتر کەوتووەتە ژێر گوشارەوە. ئەمە وادەکات دامەزراوە رۆژنامەڤانییە متمانەپێکراوەکان هێندەی دیکە گرنگ بن. ئەوان پابەندبووی بنەما سەرەکییەکانی رۆژنامەڤانین، کە بریتین لە: راستی، پشتڕاستکردنەوە، روونی و بەرپرسیارێتی لەبەردەم خەڵک دا.
دوای 13ساڵ، رووداو بووەتە شتێکی زۆر گەورەتر لە کۆمپانیایەکی میدیایی. بۆ زۆر کەس لە کوردستان و دەرەوەشی، بووەتە دامەزراوەیەکی متمانەپێکراو. لە سەردەمێکدا کە نادڵنیایی لە هەڵکشاندایە، رەنگە ئەمە گەورەترین دەستکەوت بێت کە رۆژنامەگەری بتوانێت بەدەستی بهێنێت.
زانیاریی دروست، ئاسایش دروست دەکات.
ئاسایشیش متمانە دروست دەکات.
کۆمەڵگەی دیموکراسی پێویستی بە هەردووکیانە.
کۆمەڵگەی کوردیش پێویستی بە هەردووکیانە.
پێویستیشی بەو دامەزراوە میدیاییانە هەیە کە ئامادەن هەموو رۆژێک بەرگری لەم بەهایانە بکەن.
بەردەوام بە رووداو.
