هەر جارێک ناکۆکی لەبارەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرهەڵدەدات، راستەوخۆ مژاری دوو ئیدارەیی تیشکی دەخرێتەسەر و جارێکی دیکە دێتەوە سەری سەرەوەی باسەکان، جا ناکۆکییەکە بەهۆی سنوورەکانی دەسەڵاتی هەرلایەکیان بێت لەنێو حکومەت یان دەسەڵاتە داراییەکان یاخود دەسەڵاتی ئەمنی، یان لە سەروو هەموویانەوە ناکۆکیی لەبارەی دابەشکردنی کێکی پۆستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رەنگە ئەم بیرکردنەوەیە رەگی درێژی لەنێو قوڵایی ئەو ناکۆکییە بنچینەییانە هەبێت کە هەردوو حیزبی لەسەر دامەزراوە، برینێکی کۆنە و هەر جارێک بەهۆی یەکێک لەوانەی باسم کردن یان هەندێجار لارەملیی لایەک یان ناڕەزایی لایەکی دیکەیان، ئەوەش کە برینەکە دەکولێنێتەوە، کەسانێکن کە هەندێجار سەرزارەکی قسان دەکەن و سەرپێی دەئاخفن.
هەردوو حیزب بە رێگەی سەخت لە ململانێ و شەڕی یەکدی رۆیشتوون تاوەکو ئێسقان شکاندن، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە کەسیان ئەوەی دیکە نەسڕیوەتەوە و بەم شێوەیە لە ململانێ ئەمەش روونادات، چونکە سرووشتی مرۆڤ و دەسەڵاتی سیاسی وایە کاتێ بەرامبەرەکەی تووند دەبێت، ئەمیش کاردانەوەکەی تووندتر دەبێت.
رەنگە کێبڕکێی ئاشتییانە، خزمەتکردن، کار و ستراتیژی بۆ خەڵکبوون زیاتر هەر حیزبێک بگەیێنێتە ئەو ئامانجەی ئەوی دیکە لاواز بکات، دەڵێم لاواز نەوەکو سڕینەوە.
ئەو شەڕە چەکدارییانە لە شاخەوە تاوەکو کۆتایی نەوەتەکان هەبوون، سێ سەرکردەی باشووری کوردستانی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە سوێند بخۆن جارێکی دیکە دەستیان بە خوێنی کورد سوور نەکەن، ئەوانیش هەردوو رەوانشاد مام جەلال و کاک نەوشیروان، هەروەها سەرۆک مەسعود بارزانی. ئەوان بەڵێنیان بە خودا و گەلی کورد دا چیدیکە دەست نەدەنە چەک لە دژی میللـەتەکەی خۆیان، ئێستا دوو لە سەرکردەکان ژیانئاواییان کردووە، هەرگیز لەو بڕوایەدا نیم سەرۆک بارزانی ئەو بەڵێنە بشکێنێت، خۆشی لە ماوەی رابردوو چەندین جار ئەمەی دووپات کردووەتەوە.
هەرچی پەیوەندی بە دوو ئیدارەیی و لێکترازاندنی بنچینەکانی حکومڕانیی کورد لە باشووری کوردستان هەیە، زۆر هۆکار رێگری دەکەن لەوەی جارێکی دیکە سەرۆک بارزانی رێگە بدات ئەمە رووبدات، چونکە ئەمە بەڵێنێکە داویەتی و کورد بەرەو پاشەوە ناگەڕێنێتەوە.
رەنگە ئەمە گەورەترین گەرەنتی بێت کە هەر لایەک و تەنانەت خەڵکی کوردستان پشتی پێ ببەستن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دابەش نەبێت. هەرچی پەیوەندی بە بەدەستهێنانی زیاتری کێکی پۆستەکانی حکومەت هەیە، ئەمە مافێکی هەڵبژاردنە و رەنگە ململانێکان تووند بن، بەڵام ناگەنە دوو ئیدارەیی.
سەرەڕای ئەو گەرەنتییە، لەسەر ئاستی نەوەی دووەم، بە هەمانشێوە نایانەوێت ئەمە روو بدات، ئەوەش لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی، یەکەمیان بەهۆی ئەوەی بەردەوام دەبێت هەنگاو بۆ پێشەوە بنێن، دەسەڵات فراوانتر بکەن و گۆڕەپانی کێبڕکێ زیاتر ئامادەبکەن، هۆکاری دووەمیش کە بەهێزە، بوونی هەموو ئەو بەرژەوەندییانەیە کە هەر لایەکیان لە سنووری جوگرافی ئەوی دیکەیان هەیەتی.
ئەمە ئەگەرچی دەستوور رێگری لێنەکردووە، بەڵام رێگەکەشی ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە هەرێمی کوردستان بە دەستوور دانی پێدانراوە، دەستوور لە رێگەی دەنگدانەوە پەسند کراوە، بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە دەستووردا پێویستی بە دەنگدانێکی دیکە هەیە کە ئەمەش بە ئاسانی پێکنایەت.
لایەکی دیکە ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە تێڕوانینی هەر یەک لەو دوو حیزبە هەیە، دوو ئیدارەیی دوایین چڵەپووشی بەر لە خنکانە، بەڵام هیچ یەک لەم دوو حیزبە ناگەنە ئەوەی ئەوی دیکە بخنکێنێت، ئەگەرچی کار لەسەر لاوازکردنی یەکدی دەکەن، ئەمەش کێبڕکێیەکی سروشتییە لە هەموو وڵاتێک روو دەدات.
دەکرێت هەڵبژاردن سەرکەوتوو نەبێت یان ئەنجامی هەڵبژاردن نەگاتە ئەوەی کە لایەنەکان لەبارەی حکومەتێک رێکبکەون، دەتوانن هەڵبژاردنێکی دیکە بکەنەوە و بە ئەنجامێکی دیکەوە دەست بە دانوستاندن بکەنەوە.
یەک خاڵ جێگەی سەرنجە، ئایا ئەم دوو حیزبە ئەوەندە بێبڕوان بە جەماوەر و دەسەڵاتەکەیان ئەگەر لایەنێکیان ببێتە ئۆپۆزیسیۆن ئیدی دەتوێنەوە؟ ئەو هەموو حیزبانەی کە لە دەسەڵات نین هەڵوەشاونەتەوە؟ هیچ حیزبێک بەهۆی ئەوەی لە حکومەت نییە هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو بەهۆی ململانێی ناوخۆیی لەبەر یەک هەڵوەشاوەتەوە، هەندێکجار بەهۆی دەسەڵاتەوە حیزبەکە هەڵوەشاوەتەوە نەوەکو بەهۆی ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنە.
رەنگە ئەمە گوتارێکی ناواقیعی بێت کە یەک لەو دوو حیزبە ببنە ئۆپۆزسیۆن لەبەرئەوەی هەردووکیان حکومەتی قووڵیان هەیە، لە نێو جومگەکانی دەسەڵات بەتەواوی بڵاوبوونەتەوە، بۆیە کەمتر ئەوە دەگونجێ کە بڵێین یەکێتی یان پارتی دەتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن.
لەبەر ئەمانە و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە دوو ئیدارەیی روو نادات، کورد هێندەش پێشکەوتووە کە جارێکی دیکە سەد هەنگاو نەگەڕێتەوە دواوە.
بەرژەوەندی و خاڵە هاوبەشەکانی یەکێتی و پارتی هێندە زۆرن رێگە بە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی نەوەتەکان نادەن. کوتانی دەهۆڵی دوو ئیدارەیی کوتانێکی پووچە، وەکو ئەوەیە ئاسنی سارد بکوتیت، تەنیا دەنگی دێت و دەستەکان ماندوو دەبن.
وەکو رۆژنامەڤانێک لەمبارەیەوە هیچ بۆچوونێکم نییە، بەڵام ئەوەی دەیڵێم تێگەیشتنی رۆژنامەڤانییە، ئەنجامی گفتوگۆمە لەگەڵ لایەنەکان، ئەمە ئەزموونێکە کە نزیکەی سی ساڵە کۆمکردووەتەوە، پێم دەڵێت دوو ئیدارەیی لە باشووری کوردستان و جیاکردنەوەی زۆنەکان خەونێکە جارێکی دیکە نایبینینەوە، کوردستان یەک زۆنە، بەڵام دەتوانین بڵێین دوو ئاراستەی سەرەکی جیاواز بەڕێوەی دەبات، ئەمەش دۆخێکی ئاساییە و گونجاوە کە هەردوو حیزب ببنە رەقیب بەسەر یەکدییەوە و لە یەکدی ناڕازی بن و سکاڵا لە دەستی یەکدی بکەن کە هەر یەکەیان لە سنووری جوگرافیی ئەوەی دیکە کەم دەسەڵاتە، ئەمە دۆخەکە بەرەو باشتر دەبات.
