رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، پێویستە پەرلەمانی تورکیا پێش پشووی هاوین "یاسای چوارچێوە" بۆ پرۆسەی ئاشتی پەسند بکات. ئاماژە بەوەش دەکات عەبدوڵڵا ئۆجەلان جەختی لەو یاسایە کردووەتەوە وەک بنەمایەک بۆ رێکخستنەوەی ژیانی چەکدارانی پەکەکە دوای دانانی چەک.
ساروهان ئۆلوچ، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، خاڵی سەرەکی لەم قۆناخەدا دەرکردنی "یاسای چوارچێوە"یە کە لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی ئاشتیی پەرلەماندا هاتووە. جەختیشی کردەوە کە ئەگەر لێکگەیشتنی پێشوەختە هەبێت، پرۆسەی پەسندکردنی یاساکە خێراتر دەبێت.
"بناخەیەک بۆ هەموو یاساکان"
ئۆلوچ ئاماژەی بەوە کرد، بەبێ دەرکردنی ئەم یاسایە، ناکرێت گۆڕانکاری لە یاساکانی سزادان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکاندا بکرێت. ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی جەختی لە "یاسای چوارچێوە" کردووەتەوە بۆ ئەوەی دۆخی ژیانی چەکدارانی پەکەکە دوای چەکدانان رێکبخرێتەوە.
ساروهان ئۆلوچ هۆشداریی دا لە دواکەوتنی هەنگاوەکان و گوتی: "ئۆجەلان داوای خێراکردنی پرۆسەکەی کردووە، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری فراوانبوونی جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا؛ جگە لە دۆخی جەمسەرگیریی ناوخۆیی تورکیا."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئۆلوچ رەخنەی لە بڕیارە یاساییەکان دژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت و رایگەیاند، قەیرانی نێوخۆیی ئەو پارتە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێت، چونکە جەهەپە پێشتر دەنگی بە راپۆرتی پرۆسەکە دابوو، بەڵام ئێستا بە کێشەکانی خۆیەوە سەرقاڵە و ناتوانێت وەک پێویست بەشدار بێت.
دەم پارتی مەرجی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، بە دروستکردنی ژێرخانێکی یاسایی جێگیر دەزانێت کە پارێزبەندی و گەرەنتی گەڕانەوەی چەکداران بۆ ناو ژیانی مەدەنی و سیاسی دابین بکات، بەڵام گرژییەکانی ئێستای نێوان جەهەپە و دەسەڵات، ترسی دروستکردنی ئاستەنگی لەبەردەم کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ ئەو پرۆسەیە هێناوەتە کایەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
