رووداو - تەندروستی
شووتی یەکێکە لە میوە باوەکان کە لە وەرزی هاویندا بازاڕێکی باشی هەیە و لە دانیشتنەکاندا بە میوەیەکی سەرەکی دادەنرێت، لەڕووی پێکهاتەوە دەوڵەمەندە بە چەندین مادەی نایاب کە بۆ (دڵ، لوولەکانی خوێن، هێز، بەرگریی جەستە و گەشەکردنی خانەکان و چەندینی دیکە) بەسوودن.
ئەم سوودانەی خوارەوە بە پشت بەستنە بە مایۆکلینیک، کلیڤلاندی پزیشکی و کۆمەڵەی خۆراک لە ئەمریکا لەگەڵ دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا؛
1- شووتی هیچ چەورییەکی تێدا نییە.
2- یارمەتیدەرێکی نایابە بۆ زوو چاکبوونەوەی ماسوولکەکان بۆ کەسانی وەرزشڤان.
3- دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی A, C و پۆتاسیۆم کە پێست گەنجتر دەکەنەوە و دژە پیربوونن.
4- یارمەتیدەرە لە هاوسەنگکردنی پەستانی خوێن و باشترکردنی پێداڕۆیشتنی خوێن.
5- یارمەتیی کەمکردنەوەی قەبزی دەدات.
6- تەندروستیی چاوەکان و بینین باشتر دەکات.
7- رێگرە لە وشکبوونەوەی جەستە، چونکە 92٪ـی ئاوە.
8- مادەی دژەئۆکسێنەری لایکۆپینی تێدایە کە دژی شێرپەنجە و دژەپیربوونە.
9- فەرمانی گورچیلەکان باشتر دەکات و رێگرە لە دروستبوونی بەردی گورچیلە.
10- یارمەتیدەرە لە کەمبوونەوەی گرژبوونی ماسوولکەکان.
لەم کەسانە، باشترە شووتی بە کەمی بخورێت یاخود هەر نەخورێت؛
- تووشبووانی لاسەرئێشە ''شەقیقە''
- تووشبووانی هەستیاری بە شووتی
- تووشبووانی شەکرە (باشترە بە کەمی بخورێت)
- تووشبووانی بەدهەرسی
- تووشبووانی گرژەکۆڵۆن و هەڵاوسانی گەدە
لەکۆتاییشدا پێویستە رۆژانە زیادەڕۆیی لە خواردنیدا نەکرێت و بڕی یەک بۆ دوو کووپ یاخود 150 بۆ 300 گرام شووتی زیاتر نەخورێت. هەروەها سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوانەی قەڵەون، تووشبووی شەکرەن یاخود لە ماڵباتەکانیان تووشبووی شەکرە هەیە نابێت زوو زوو شووتی بخۆن.
ئەمەش بزانە
موسلیم سلێمان، لێپرسراوی تاقیگەی کشتوکاڵی هەڵەبجە و پسپۆڕی زانستە کشتوکاڵییەکان بە رووداوی راگەیاندووە: شووتی نابێت ناوەکەی سووری تۆخ بێت، بەڵکو پێویستە مەیلەو پەمەیی بێت و توێکڵی ناوەوەی شووتییەکەش نابێت زەردباو بێت، بەڵکو پێویستە سپی بێت. (پێت دەڵێت، چۆن شووتی باش هەڵدەبژێریت؟)
