رووداو- تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو داوا لە دایکان و باوکان دەکات، منداڵەکانیان لە کاتی خۆیدا بکوتن و دەڵێت، ڤاکسینی هەوکردنی جگەری جۆری B بەشێکە لە پڕۆگرامی کوتانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە 1-6-2026 د. عەبدوڵڵا چەلەبی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "بەکارهێنانی ڤاکسین یەکێکە لە رێگە زۆر باشەکان بۆ ئەوەی مرۆڤ تووشی نەخۆشی نەبێت، چونکە ڤاکسینەکان مرۆڤ لە چەندین جۆری نەخۆشیی دەپارێزن."
د. عەبدوڵڵا چەلەبی گوتی، "ڤاکسینی هەوکردنی جگەر وەک پێشگیری بۆ تووشبوون لە ڤایرۆسی Bی جگەر بەکاردەهێنرێت و لە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە پڕۆگرامی کوتان."
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی هەناو ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگە منداڵان ڤاکسینی هەوکردنی جگەر وەربگرن، چونکە لە منداڵاندا دەبێتە نەخۆشییەکی درێژخایەن، بۆیە باشتروایە لە منداڵیدا وەربگیرێت.
