رووداو- تەندروستی
پێکووتەیەکی شێرپەنجە بە سێ کاریگەریی جیاوازەوە دەتوانێت گرێکان لە نەخۆشەکاندا بەتەواوی لەنێوببات.
لە تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتیدا کە لە 11 وڵات بەڕێوەچوو، پێکووتەک کە ناوی ئامیڤانتاماب (amivantamab)ـە بەو نەخۆشانە درا کە شێرپەنجەکەیان بڵاوبووبووەوە یان دووبارە سەریهەڵدابووەوە و نەخۆشییەکەیان وەڵامی بۆ چارەسەرەکانی دیکە نەبوو، بووە هۆی بچووکبوونەوەی گرێکان لە زیاتر لە سێیەکی نەخۆشەکاندا و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا گۆڕانکاریی بەرچاو بینرا، لە 15 کەسیاندا پزیشکان بۆیان دەرکەوت کە دەرمانەکە گرێکانی بەتەواوی تواندووەتەوە.
لە تاقیکردنەوەکەدا، 102 نەخۆشی تووشبوو بە شێرپەنجەی سەر و مل، کە شەشەمین جۆری شێرپەنجەی باوە لە جیهاندا پێکووتەکەیان وەرگرت، گرێکان لە 43 نەخۆشدا بچووک بوونەوە یان بەتەواوی ون بوون، لەنێویاندا 28 کەس گرێکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو بچووک بووەوە و 15 کەسیش بەتەواوی گرێکانیان نەما.
پێکووتەکە بە سێ شێواز کاریگەری لەسەر شێرپەنجە دادەنێت، هەم پڕۆتینی EGFR (وەرگری فاکتەری گەشەی پێست) کە یارمەتی گەشەی گرێکان دەدات، هەم رێڕەوی MET کە خانە شێرپەنجەییەکان زۆرجار بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەر بەکاریدەهێنن بلۆک دەکات. هەروەها یارمەتی چالاککردنی سیستمی بەرگری دەدات بۆ هێرشکردنە سەر گرێیەکە.
پپڕۆفیسۆر د. کێڤن هارینگتن پسپۆڕی چارەسەرییە بایۆلۆژییەکانی شێرپەنجە لە پەیمانگای توێژینەوەی شێرپەنجە لە لەندەن (ICR)، گوتی: "ئەمانە وەڵامدانەوەی زۆر بەهێزن و پێشتر نەبینراون لەو نەخۆشانەی کە نەخۆشییەکەیان بەرگری لەبەرامبەر کیمیایی و چارەسەریی بەرگریدا پەیدا کردووە."
ئامیڤانتاماب کە لەلایەن کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن (Johnson & Johnson) پەرەی پێدراوە، ئێستا لە نزیکەی 60 تاقیکردنەوەی کلینیکیدا هەڵدەسەنگێندرێت، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ شێرپەنجەی سییەکان، بەڵام بۆ شێرپەنجەی قۆڵۆن و ریخۆڵە، مێشک و گەدیش بەکاردێت.
