رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی تووندوتیژیی پۆلیسی هۆڵەندا بەرامبەر بە ژنێکی دووگیان، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و تووڕەیی لە سەرانسەری ئەو وڵاتە دروست کردووە؛ ئەو ژنە دەڵێت، بەهۆی ئەو کارەی پۆلیسەوە منداڵەکەی پێشوەختە بووە.
رۆژی شەممە، 30ی ئایاری 2026، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەیەکی زۆری دروست کرد کە تێیدا دەردەکەوێت ئەفسەرێکی پۆلیسی هۆڵەندا ژنێکی دووگیان بە تووندی رادەکێشێت و دەیدا بە زەویدا، ئەوەش لە کاتێکدا پۆلیس سەرقاڵی دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی بوون.
بە گوێرەی میدیای هۆڵەندا، رووداوەکە رۆژی 29ی ئایار روویداوە.
بەپێی گێڕانەوەی ئەو ژنە، ئەو تەنیا لە ئەفسەرەکان نزیک بووەتەوە تاوەکو بپرسێت ئایا دەتوانێت لەگەڵ هاوسەرەکەی بمێنێتەوە؛ لە کاتێکدا پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرد.
ڤیدیۆکە نیشانی دەدات کە هاوسەرەکەی بە دەستی بەستراو لە پشتەوە وەستاوە و هیچ بەرگرییەک ناکات، بەڵام پۆلیسەکان بە شێوەیەکی تووند مامەڵە لەگەڵ ژنە دووگیانەکە دەکەن.
ئەو ژنە ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەو روداوەوە، منداڵەکەی پێشوەختە لەدایکبووە، بەڵام کچەکەی لە ژیاندا ماوە و تەندروستیی باشە.
ئەم ڤیدیۆیە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر دەزگا ئەمنییەکانی هۆڵەندا و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا، پۆلیس بە بەکارهێنانی "هێزی زیادە" تۆمەتبار دەکەن. رەخنەگران داوای لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی ورد لەو ئەفسەرانە دەکەن کە تێوەگلاون.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو ژنە لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی سکاڵای ئەوە دەکات کە دوای رووداوەکە دەسەڵاتداران وەک پێویست هاوکارییان نەکردوە. لە کاتێکدا مشتومڕەکان لەسەر رەفتاری پۆلیس لە هۆڵەندا بەردەوامە، داوا دەکرێت چاکسازیی جیدی لە شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکاندا بکرێت تاوەکو رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبنەوە.
پیاوەکە بۆ دەستگیردەکرا و پۆلیس چی دەڵێت؟
بە گوێرەی پۆلیسی هۆڵەندا، لە دامەزراوەی کامپوێگ لە شاری زایست، ئەفسەرانی پۆلیس وەڵامی روداوێکی تێکدەرانە و هەڕەشەی چەقۆیان دایەوە. لەو کاتەدا پیاویکی تەمەن 30 ساڵ کە هاوژینی ژنەکە بوو دەستگیرکرا و گرژی دروستبوو.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان بۆ پاراستنی هەمووان لە بارودۆخێکی ناجێگیردا کاریان کردووە و ئاماژە بەوە دەکەن کە گرتە ڤیدیۆییەکان تەنیا بەشێک لە رووداوەکان نیشان دەدەن، هەروەها ئەو ژنە نە بریندار بووە و نە دەستگیرکراوە.

