رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لەسەر زاری دوو
بەرپرسی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە دۆناڵد
ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پڕ لە قسەی توونددا، هێرشی
کردووەتە سەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل
بۆ سەر لوبنان.
پێشتر لە رۆژی
دووشەممە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئێران هەڕەشەی کشانەوەی لە دانوستاندنەکانی
لەگەڵ ئەمریکا کرد. بەپێی دوو لە سەرچاوەکان کە قسەیان بۆ ماڵپەڕە هەواڵییەکە
کردووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ترەمپ بە نەتەنیاهووی گوتووە
"شێت" و تۆمەتباری کردووە بەوەی بێئەمەک بووە لە بەرامبەر سەرۆکی
ئەمریکا، هەروەها پلانەکەی ئیسرائیلی بۆ هێرشکردنە سەر بەیرووت راگرتووە.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە،
ترەمپ بە نەتەنیاهووی گوتووە کە ئەگەر هەڕەشەکانی بۆ بۆردوومانکردنی پایتەختی
لوبنان جێبەجێ بکات، ئەوا ئیسرائیل زیاتر لە جیهاندا گۆشەگیر دەبێت.
دوو سەرچاوە باسیان لەوە کردووە، ترەمپ بە بیری
هێناوەتەوە کە یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی نەتەنیاهوو نەچێتە زیندانەوە، وەک
ئاماژەیەک بۆ پاڵپشتییەکانی ترەمپ لە کاتی دادگاییکردنی نەتەنیاهوو بەتۆمەتی
گەندەڵی.
"هەمووان رقیان لێتە"
بەرپرسە ئەمریکییەکه قسەکانی ترەمپی بۆ
نەتەنیاهوو بەمشێوەیە کورتکردووەتەوە کە پێی گوتووە: "تۆ بەتەواوی شێتبوویت.
ئەگەر من نەبوومایە ئێستا لە زیندان دەبوویت. من تۆم رزگار کرد. ئێستا هەمووان
رقیان لێتە. بەهۆی ئەم کارانەوە هەمووان رقیان لە ئیسرائیلە."
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار دەڵێت، ترەمپ زۆر
"تووڕە" بووە و لە کاتێکدا بەسەر نەتەنیاهوودا هاواری کردووە، پێی
گوتووە: "ئەمە چ نەفرەتییەکە دەیکەیت؟"
هۆکارەکانی ئەم تووڕەییە
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ترەمپ دەزانێت کە حیزبوڵڵا هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا هەستی کردووە کە نەتەنیاهوو بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر هێرشەکان فراوان دەکات.
جگە لە هەڕەشەکان بۆ سەر بەیرووت، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە وشکانییەکانیشی لە باشووری لوبنان فراوانتر کردووە.
بەرپرسێکی دیکەی
ئەمریکی بە ئەکسیۆسی گوتووە، ترەمپ نیگەران بووە لەوەی ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر
خەڵکی سڤیلی لە لوبنان کوشتووە و دژی ئەوە وەستاوەتەوە کە ئیسرائیلییەکان بۆ
کوشتنی تەنیا یەک فەرماندەی حیزبوڵڵا، چەندین باڵەخانە وێران بکەن.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی
بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، چیدیکە ئیسرائیل
پلانی نییە هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی حیزبوڵڵا لە بەیرووت.
لە رابردوودا ترەمپ
و نەتەنیاهوو چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنیی گرژیان هەبووە، بەڵام هێشتا بە نزیکەوە
هاوئاهەنگییان لەسەر پرسی ئێران و پرسەکانی دیکە هەبووە. بەرپرسێک دەڵێت، ئەمە
یەکێک بووە لە خراپترین پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ترەمپ لەگەڵ نەتەنیاهوو لەوەتەی
گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات.
ئەکسیۆس دەنووسێت:
"پێدەچێت هۆکاری تووڕەییەکەی ترەمپ بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە بڕیارەکەی
نەتەنیاهوو بۆ فراوانکردنی شەڕ لە لوبنان، هەڕەشە بووە بۆ سەر تێکچوونی دانوستاندنەکانی
ئەمریکا لەگەڵ ئێران.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەش، ترەمپ لە
تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، بڵاویکردەوە کە دانوستاندنەکان لەگەڵ
ئێران "بە خێراییەکی زۆر بەردەوامن."
هەڵوێستی نەتەنیاهوو
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، نەتەنیاهوو راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، بە ترەمپی گوتووە ئەگەر حیزبوڵڵا واز لە هێرشکردن نەهێنێت، ئیسرائیل ئامانجەکانی لە بەیرووت بۆردوومان دەکات و تا ئەو کاتەش ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە باشووری لوبنان. نەتەنیاهوو نووسیویەتی: "هەڵوێستمان وەک خۆی دەمێنێتەوە."
بەڵام بەرپرسە ئەمریکییەکە دەڵێت، لە راستیدا
لەنێو تەلەفۆنەکەدا ترەمپ بەتەواوی نەتەنیاهووی رازی کردووە و قسەی خۆی بەسەردا
سەپاندووە. بەرپرسەکە دەڵێت: "بیبی [نەتەنیاهوو] تەنیا دەیگوت، 'باشە، باشە،
تەنیا دڵنیابە لەوەی هەموو شتێک رێکخراوە.'"
سەرچاوەکان بە
ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، ئەو یاداشتنامەیەی ئەمریکا و ئێران دانوستاندنـی لەسەر دەکەن،
داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان دەکات. هەر ئەمەش سەرچاوەی پەیوەندییە
تەلەفۆنییە گرژەکەی پێشووی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوو بوو.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)