رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ پەردە لەسەر نهێنیی پلانێکی سەربازیی وڵاتەکەی لادەبات بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و رایدەگەیێنێت، بیریان لەوە کردبووەوە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بە ئۆپەراسیۆنێک دەستبەسەردا بگرن، بەڵام لەبەر ئاڵۆزیی و مەترسییەکانی، بژاردەکەی رەتکردووەتەوە.
دەشڵێت، هەرچەندە نایەوێت لەگەڵ رێبەری ئێران کۆببێتەوە، بەڵام ئەگەر رێککەوتن بکرێت، ئامادەیە لەگەڵی کۆببێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2026، ترەمپ لە کۆشکی سپی لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بەوەی ئایا پلان هەبووە هێزە تایبەتەکان بۆ بردنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بنێردرێن، گوتی، "نەمدەویست ببمە جیمی کارتەر، حەزم نەدەکرد وەک جیمی کارتەر بم. بۆیە ئەوەمان لابرد. ئێمە هەر لە سەرەتاوە و پێش ئەوەی ئێوە بیبینن، بیرمان لەوە کردبووەوە."
جیمی کارتەر لە ساڵی 1980ـدا ئۆپەراسیۆنی "چنگی هەڵۆ"ـی ئەنجامدا بۆ رزگارکردنی 52 بارمتەی ئەمریکی لە ئێران. ئەم هەوڵە سەربازییە بەهۆی خۆڵبارین و کێشەی تەکنیکی پەککەوت و بەهۆی پێکدادانی هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیەک 8 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستدا.
سەرۆکی ئەمریکا جیاوازیی نێوان ئۆپەراسیۆن لە ئێران و ناوچەکانی دیکەی جیهان روون دەکاتەوە و دەڵێت، "ئەمە وەک ڤەنزوێلا نییە کە تەنیا بۆ چەند خولەکێک بچیتە ژوورەوە و بێیتە دەرەوە و کاتێک دەفڕیت هەموان دەستت بۆ رابوەشێنن. ئێران جیاوازە، دەبوایە بۆ ماوەی دوو هەفتە لەوێ بمێنینەوە و پێویستمان بە ئامێری زەبەلاح دەبوو."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە پلانەکە لە رووی لۆجستییەوە زۆر سەخت بووە و گوتی، "دەبوو ئامێرەکان بە ئاسمان بگوازینەوە بۆ ناوچەیەکی جەنگ. تەنیا فڕینی فڕۆکەکان بە چوون و گەڕانەوە 37 کاژێری دەخایاند و پێویستیان بەوە بوو چوار جار لە ئاسماندا سووتەمەنییان بۆ پڕ بکرێتەوە؛ ئۆپەراسیۆنێکی سەرسوڕهێنەر دەبوو."
دۆناڵد ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئارەزووی دیداری رێبەری باڵای ئێران ناکات، بەڵام بۆ گەیشتن بە رێککەوتن ئامادەی کۆبوونەوەیە.
ئەگەری دیدار لەگەڵ خامنەیی
سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ترەمپ گوتی، "من نامەوێت بیبینم، بەڵام ئەگەر کۆببینەوە شانازی دەکەم و دەمەوێت بزانم دەتوانین بگەینە رێککەوتن یان نا. ئەگەر رێککەوتنێک لە ئارادابێت، ئامادەم بیبینم و رێزی لێدەگرم."
کاتێک رۆژنامەڤانێک پرسیاری لێکرد کە ئایا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانئاسا" و کوژرانی کەسوکاری رێبەری باڵا، موجتەبا خامنەیی کینەی لە دڵدا نییە بەرامبەری؟ ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، "دەزانم کە من کەسی دڵخوازی ئەو نیم، بەڵام ئەو مرۆڤێکی پیشەگەرە و لە هەندێک بازنەدا ناوبانگێکی باشی هەیە، هەندێکجار خەڵک قسەی خراپ دەکەن؛ زۆر کەسیش لەبارەی منەوە قسەی خراپ دەکەن."
"هەموو کەشتییەکانی ئێران لە بنی دەریاکاندان"
ترەمپ لەبارەی توانای سەربازیی ئێرانەوە گوتی، "ئەوان هیچ هێزێکی ئاسمانییان نییە. ئێمە دەزانین کە 159 کەشتییان هەبوو، هەر 159 کەشتییەکەش بە جوانی لە بنی زەریاکەدا کەوتوون؛ ئێمە تەنانەت وێنەشمان گرتوون لەوێ."
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە رەخنەی لە سیاسەتەکانی باراک ئۆباما و جۆ بایدن گرت و رایگەیاند، ئەوان "ئیلهامبەخش" بوون بۆ ئەوەی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەو بە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، رێگری لەوە کردووە.
.jpg&w=3840&q=75)


