رووداو دیجیتاڵ
دوای دروستبوونی شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتی، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی پارتی "یەک نەتەوە"ی ئوسترالی، لە لێدوانەکانی پاشەکشەی کرد و رایگەیاند، ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات، دەست بەسەر موڵک و ماڵی ئەو پەنابەرانەدا ناگرن کە نیشتەجێی وڵاتەکەن.
بارنابی جۆیس، ئەندام پەرلەمان و یەکێک لە سەرکردە کاریگەرەکانی پارتی "یەک نەتەوە" کە پارتێکی راستڕۆی توندڕەوە، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ میدیای وڵاتەکەی، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە پارتەکەیان پلانی هەبێت دەست بەسەر موڵکی بیانییەکاندا بگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر هەڕەشەی تووندی لەو بارەیەوە کردبوو.
هەڕەشەکەی جۆیس چی بوو؟
شەوی پێنجشەممە، بارنابی جۆیس لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا هەڕەشەی لە پەنابەران و نیشتەجێبووانی هەمیشەیی کردبوو و گوتبووی: "دەبێت خۆتان بە تەواوەتی بۆ ئەم نەتەوەیە تەرخان بکەن، بەڵام ئەگەر بتانەوێت قاچێکتان لەناو ئەم وڵاتە و قاچەکەی دیکەتان لە وڵاتێکی دیکە بێت، ئەوا ناچارتان دەکەین ماڵەکانتان بفرۆشن، ئەگەرنا دەوڵەت دەست بەسەر موڵکەکانتاندا دەگرێت."
بەڵام تەنیا دوای چەند کاژێرێک و چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوپارتەکانی، جۆیس داوای کرد وەڵامەکەی راست بکرێتەوە و گوتی: "دوای گفتوگۆی زیاتر، گەیشتینە ئەو بڕیارەی کە نەخێر، ئێمە نیشتەجێبوانی هەمیشەیی لە ماڵەکانیان دەرناکەین."
سیاسەتکارە "سەیر و تووندڕەوەکە"
بارنابی جۆیس کە پێشتر جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوستڕاڵیا بووە، لە نێو میدیاکاندا بە لێدوانە تووند و سەرنجڕاکێشەکانی ناسراوە. ئەو پێشتر بەهۆی هەڕەشەی کوشتنی سەگەکانی جۆنی دێپ، ئەکتەری بەناوبانگی جیهانی، ببووە سەردێڕی هەواڵەکان. هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی کە تێیدا بە سەرخۆشی لەسەر شۆستەیەک کەوتبوو، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و ناچاری کرد واز لە خواردنەوەی کحول بهێنێت.
بۆچی پارتی "یەک نەتەوە" لە گەشەکردندایە؟
پاشەکشەی ئەم پارتە لە بڕیارە تووندەکانی لە کاتێکدایە، کە راپرسییەکانی هەفتەی رابردوو نیشانی دەدەن پارتی "یەک نەتەوە" بووەتە جەماوەریترین پارتی ئوسترالیا. ئەم پارتە داوای کەمکردنەوەی بەرچاوی کۆچبەران دەکات و دژی "ئیسلامی تووندڕەو"ە.
کاتی گەلەگەر، وەزیری ئابووریی ئوسترالیا ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکاری زیادبوونی لایەنگرانی ئەم پارتە بۆ نیگەرانیی خەڵک لە "گرانیی تێچووی ژیان و نیشتەجێبوون" دەگەڕێتەوە، کە وایکردووە گوتارە تووندڕەوەکان لای بەشێک لە هاووڵاتییان پەسند بن.




.jpg&w=3840&q=75)