رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئوستڕاڵیا ژنێکی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە رێکخراوی داعش و چوون بۆ ناوچەیەکی جەنگ تۆمەتبار کرد؛ ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندایە بۆ لێپرسینەوە لەو هاووڵاتییانەی لە کامپەکانی سووریاوە گەڕاونەتەوە ئەو وڵاتە.
تیمی هاوبەشی پۆلیسی دژەتێرۆری ئوستڕاڵیا رایانگەیاند، ژنەکە، کە تەمەنی 34 ساڵە، لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2014 لەگەڵ پیاوێک بەرەو سووریا گەشتیکردووە بە مەبەستی چوونە ناو داعش. ساڵی 2019، لەلایەن هەسەدەوە دەستگیرکراوە و لە کامپی هۆڵ دەستبەسەر بووە، تاوەکو ئەیلوولی پار گەڕاوەتەوە بۆ ئوستڕاڵیا.
پێشتر دایک و کچێک لە شاری مێلبۆرن دەستگیر کران و تۆمەتبارکران بەوەی، ئەو کاتەی لە سووریا بوون، وەکو کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ ژنێک کردووە. هەروەها ژنێکی دیکە لە سیدنی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە رێکخراوی "تێرۆریستی" دادگەیی کراوە.
هێڵدا سیرێک، یاریدەدەری کۆمیساری پۆلیسی فیدراڵیی ئوستڕاڵیا بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، نەبوونی تۆمەتی دەستبەجێ بۆ هەندێک لە گەڕاوەکان بە واتای کۆتاییهاتنی دۆسیەکان نییە. سیرێک گوتی: "لێکۆڵینەوەکانمان لەبارەی هەموو ئەو ژنانەی کە لەم دواییانەدا لە کامپەکانی سووریاوە گەڕاونەتەوە، بەردەوامن."
حکومەتی ئوستراڵیا لە ژێر گوشارێکی زۆری ناوخۆیی و ئەمنیدایە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گەڕاوەکانی ناو داعش و تێکەڵکردنەوەی منداڵەکان بە کۆمەڵگە.




.jpg&w=3840&q=75)