رووداو دیجیتاڵ
یۆهان ڤادێفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێ، پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمریکا تایبەت بە ناردنی 5000 سەربازی ئەمریکی بۆ پۆڵەندا دەکات.
ڤادێفوول لە شاری هێلسینگبۆرگ لە سوێد بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەمە بڕیارێکی باشە، چونکە نەک تەنیا خزمەت بە ئاسایشی پۆڵەندا دەکات، بەڵکو خزمەت بە ئاسایشی تەواوی هاوپەیمانییەکە و ئێمەش دەکات. بۆیە، ئەمە بەتەواوی لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە."
یۆهان ڤادێفوول گوتیشی، گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئەڵمانیا سەبارەت بە جێگیرکردنی سیستمی مووشەکیی دوورمەودا لە ئەڵمانیا بەردەوامن.
رۆژی هەینی، هاوپەیمانانی ناتۆ و بەرپرسانی بەرگری سەرسوڕمانیی خۆیان لە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ ناردنی ئەو هێزە دەربڕی، کە تەنیا چەند هەفتەیەک دوای بڕیارەکەی پێشووی دێت بۆ کشانەوەی پێنج هەزار سەرباز لە ئەورووپا.
ئەم گۆڕانکارییە لە بڕیاردا دوای چەندین هەفتە لە لێدوانەکانی ترەمپ و ئیدارەکەی دێت سەبارەت بە کەمکردنەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەورووپا. بڕیارە سەرەتاییەکەی ترەمپ بووەهۆی دروستبوونی جووڵەیەکی خێرا لەنێو فەرماندە سەربازییەکان و وایکرد ئەو هاوپەیمانانەی کە پێشتر گومانیان لە پابەندبوونی ئەمریکا بە ئاسایشی ئەورووپاوە هەبوو، بیر لەوە بکەنەوە کە دەبێت چ هێزێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بەکاربهێنن کە لە ئەنجامی ئەو کارە دروست دەبێ.
سەرەتای ئەم مانگە، ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، پێنج هەزار سەرباز لە ئەڵمانیا دەکشێنێتەوە؛ هەروەها ناردنی کارمەندانی راهێنراوی ئەمریکی بۆ تەقاندنی مووشەکی دوورمەودا بۆ ئەڵمانیا راگیرا.
بەڵام رۆژی پێنجشەممە ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە کە "پێنج هەزار سەربازی زیادە بۆ پۆڵەندا" دەنێرێ، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ کارۆل ناڤرۆتزکی، سەرۆکی پۆڵەندا، کە ساڵی رابردوو لە هەڵبژاردنەکاندا ترەمپ پاڵپشتی لێکردبوو.
